کەنەدا؛ بەرێوەبەری دارایی کۆمپانیای Huawei دەستبەسەر کرا

- 12/6/2018 8:03:00 PM 8933 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئاکام محەمەد

مێنگ وانگژۆ بەرێوەبەری دارایی کۆمپانیای  Huawei چینی لە کەنەدا، بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزا سەپێنراوەکانی  ئەمەریکا لە سەر ئێران، لە کەندا دەستبسەر کرا.

دەستبەسەرکردنی وانگژۆ، لەسەر داوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە و بریارە ئەمرۆ رادەستی ئەو وڵاتە بکرێت و بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییەکان  دادگایی بکرێت.

ماوەی زیاتر لە چوار مانگە، ئەمەریکا و چین جەنگی بازرگانی دژ  بەیەکیان دەستپێکردووە، کە بە دەستپێشخەری ترەمپ بە سەپاندنی سەدا ٢٥ ی گومرگ بۆ سەر کاڵای چینی دەستیپێکرد، بۆ سەر کەلوپەلی پیشەسازی و شۆفڵ و ئامێرە پیشەسازییەکانی دیکە، لە بەرامبەریشدا چین بە شەربەتی پرتەقاڵ و جگەرە و ویسکی گورزی سەدا ٢٥ گومرگی لە ئەمەریکا وەشاند، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتێکی  بزنز ئینسایدەر، لە قۆناغەکانی داھاتودا جەنگەکە لە دەرەوەی کەشتیە بارھەڵگرەکان و لە ناو گیرفانی خەڵکی ئاسایی ئەمەریکادا یەکلای دەبێتەوە، ئەوەش بە گرانبوونی نرخی ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ، جانتا و سەوزە و میوە.

لە راپۆرتەکەدا ھاتووە، ترەمپ بە نیازە گورزێکی دیکە لە  کاڵای چینی بووەشێنێت و بەبڕی ٢٠٠ ملیار دۆلار و رێژەی سەدا ٥٠  گومرگ دەخاتە سەر سەرجەم کاڵای ھاوردەی چینی کە لیستێکی ٢٠٠ پەڕەییە، زۆربەیان پێداویستی ناوماڵن.

لە  لیستی ئەو ھاوردانەی چین کە ترەمپ گومرگی دەخاتە سەر؛ گۆشتی سوور، ماسی و خواردنی دەریایی، سەوزە و میوە، دانەوێڵە، ڕۆنی گیایی،  شیرینی و نان و زۆربەی جۆرەکانی خواردنی لە قوتونراو، خواردنەوەکان، سرکە، خواردنی  ئاژەڵی ماڵی و پەینی کیمیایی، خوێ و سەرجەم جۆرەکانی دیکەی پێدوایستی مەتبەخ.

بەو پێیەش،  جەنگی بازرگانی نێوانیان تەنھا کاریگەریی نابێت لەسەر باری ئابوری نیشتیمانی ئەمەریکا، بەڵکو راستەوخۆ ئابوری خێزانیی و تاکەکەسی ئەمەریکا تیایدا زەرەرمەند دەبێت.

جەنگەکە چۆن دەستی پێکرد؟

مانگی حوزەیران ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ بەشێوەیەکی فەرمی سەپاندنی گومرکی لەسەر لە سەدا ٢٥ی کاڵا ھەناردەکانی وڵاتی چین-ی راگەیاند، بەگوێرەی ئەو ریکارە نوێیەی ئیدارەکە لەسەر ھەناردەی کاڵای چینی، بە بەھای ٥٠ ملیار دۆلار کاڵای ھەناردە، گومرکی دەچێتە سەر، ھەرزوو لە ھەنگاوێکی پەرچەکرداردا، بەرپرسانی وڵاتی چین رایانگەیاند، بەھەمان شێوەی ئیدارەی ترەمپ تۆڵە لە ئەمەریکا دەکەنەوە و سەدا ٢٥ گومرک دەخەنە سەر کاڵا ھەناردەکانی ئەو وڵاتە.

ئەو رێژەیەی گومرکی ئەمەریکا لەسەر کاڵاکانی وڵاتی چین، بەشێوەیەکی سەرەکی، کەلوپەلی پیشەسازی و فرۆکەوانی و تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن و رۆبۆتیکس دەگرێتەوە، بەڵام ئەو کاڵایانە ناگرێتەوە کە بۆ ئەمەریکا ھەناردە دەکرێت.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی بازرگانیی چیندا، کە ئەمەریکا بە شەرەنگیز ناو دەبات، ھاتووە، وەزارەتەکە سەدا ٢٥ ی گومرگ دەخاتە سەر لۆبیا، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، جگەرە، ویسکی، شەربەتی پرتەقاڵ،  قرژاڵ و ماسی سەلەمۆن.

ھەروەھا ئاماژەش بەوە دراوە، " لەم جەنگە بازرگانییەدا، ئەوە ئەمەریکایە کە رۆڵی شەرەنگیزی دەبینێت، وڵاتی چین تەنھا بەرگری لەخۆی دەکات، وڵاتەکەمان چەکی پێوستی ھەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی".

بەم راگەیاندنە توند و پەرچەکردارانەی نێوانیان، ئەمەریکا_ چین جەنگی بازرگانی نێوانیان راگەیاند، لەکاتی راگەیاندنی رێکاری نوێ گومرکی وڵاتەکەی بۆ سەر وڵاتی چین، ترەمپ وتی" ھاوڕێیەتی نێوان من و شی جیپینگ، سەرۆکی چین و دۆستایەتی نێوان ئەمەریکا و چین زۆر بەھێزە، بەڵام ساڵانێکە بازرگانی لە نێوان وڵاتەکانماندا دادپەروەرانە نییە، ئەم بارودۆخە چیتر رێگەی پێنادرێت"



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP