سەرۆک کۆمار بانگهێشتنامەیەکى میرى قەتەرى پێگەشت

- 12/6/2018 2:59:00 PM 786 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار‌ ئەمڕۆ پێنج شەممە لە میانی پێشوازیکردنی لە حوسێن عەلی هه‌ڵسورێنه‌ری كاره‌كانی باڵیۆزخانەی قەتەر لە عێراقدا دووپاتیکردەوە، عێراق پەرۆشە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی قەتەری برادا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵاتدا، بەو جۆرەی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا زامن بكات.
 
لە دیدارەکەدا کە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، هه‌ڵسورێنه‌ری كاره‌كانی باڵیۆزخانەی قەتەر بانگهێشتی فه‌رمی شێخ تەمیم کوڕی حەمەد ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەری گەیاندە سەرۆک بەرهەم ساڵح بۆ سەردانی قەتەر، هاوکات كاربه‌رێكخه‌ر هەوڵه‌كانی وڵاتی قەتەری خسته‌رو، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ئامادەیی وڵاتەکەیشی دووپاتکردەوە، بۆ پشتگیرییکردنی عێراق لە بوارەكانی سیاسی و ئابورییدا.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک كۆمار ئاماژەیکرد بۆ پێویستی بەهێزکردن و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەشی نێوان عێراق و قه‌ته‌ر لە هەموو بوارەکاندا، هه‌روه‌ها هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئارامی و كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان به ‌گرنگزانی لە پێناوی پاراستنی ئوقره‌یی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆمار سوپاسگوزاریی خۆی بە هه‌ڵسورێنه‌ری كاره‌كانی قه‌ته‌ردا نارد بۆ شێخ تەمیم میری دەوڵەتی قەتەر لە بەرامبەر بانگهێشتنامه‌كه‌یدا، هەروەها هیوای گەشەکردن و خۆشگوزەرانی زیاتری خواست بۆ گەلی قەتەری برا، بەڵێنیشیاندا کە بانگهێشتنامەکەی میری قەتەر لە کاتێکی گونجاودا جێبەجێ بکات.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP