سەرۆک بەرهەم ساڵح جەخت لە یەکڕیزی نیشتمانی و تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە

- 12/6/2018 2:52:00 PM 1602 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە میانەی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەدا، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق جەخت لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی و تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت لە چوارچێوەی رێکارە دەستوورییەکاندا کردەوە.

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی د. بەرهەم ساڵح،  سەرۆک کۆماری عێراق و د. عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لە کۆشکی سەلام بەڕێوەچووە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، ‏‎لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و یاساییەکان تاوتوێکران بە تایبەتی بابەتی تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت لە چوارچێوەی رێوشوێنە دەستووری و یاساییەکاندا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ‏‎لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک کۆمار پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان و پتەوکردنی گیانی کارکردنی هاوبەشی لە نێوان هەموو لایەنەکان دووپاتکردەوە.

سەرۆک بەرهەم ساڵح هەروەها ئاماژەیکرد بۆ گرنگی تێپەڕاندنی گرژی و ئاڵۆزییە سیاسییەکان و خۆ بەدورگرتن لە زمانی زبری راگەیاندن لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا.

سەرۆک کۆمار روونیکردەوە، هەرجیاوازییەک لە ئارادا بێت دەبێت لە چوارچێوەی دامەزراوە دەستوورییەکاندا و رێوشوێنە دیموکراسییەکاندا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت لە پێناوی پارێزگاری کردن لە یەکڕیزی نیشتمانی و دەستکەوتە دیموکراسییەکان بۆ خزمەتی عێراق و گەلەکەی.


نیشانەکردن :

#د.به‌رهه‌م ساڵح

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP