نورى حه‌مه‌عه‌لى: پێمان باشه‌ حكومه‌ت دوو جێگرى هه‌بێت
پارتى گه‌ڕى دووه‌مى سه‌ردانه‌كانى بۆ لاى لایه‌نه‌كان ده‌ستپێده‌كات

- 12/6/2018 2:44:00 PM 3457 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان رایگەیاند، پێیان باشه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دوو جێگرى هه‌بێت و دووشه‌ممه‌ى داهاتووش ده‌ست به‌ گه‌ڕى دووه‌مى سه‌ردانه‌كانیان بو لاى لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن.

نورى حه‌مه‌عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ خه‌ندان-ى وت، "رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو شاندى پارتى گه‌ڕى دووه‌مى سه‌ردانه‌كانى بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ست پێده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ خواستى ئێمه‌ بێت ده‌مانه‌وێت له‌ ماوه‌ى یه‌ك ڕۆژدا حكومه‌ت پێكبهێنرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکەی پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى  ئازاد به‌رواى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و ئه‌ندامێتى هۆشیار زێبارى و  مه‌حموود محه‌مه‌د و جه‌عفه‌ر ئیمێنكى  و دڵشاد شه‌هاب  و  فرسه‌ت سۆفى و  هێمن هه‌ورامى-ش وه‌ك لیژنه‌ى ناوه‌ندى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كان ده‌بن.

سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانى یه‌كێتى و گۆڕان بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى پارتى ده‌ڵێت، "تا ئێستا به‌ فه‌رمى هیچ نوسراو داواكارییه‌كمان پێنه‌گه‌شتووه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نها باس ده‌كرێت و بیستوومانه‌، به‌ڵام پارتى پێى باشه‌ حكومه‌ت دوو جێگرى هه‌بێت".

راشیگەیاند، "بۆ پۆسته‌ وزارییه‌كانیش، داواكارین هه‌رلایه‌ن و به‌پێى سه‌نگى خۆى داواى پۆست بكات تا بتوانێت به‌شدارى حكومه‌ت ببێت".

بەپێی زانیارییەکانی خەندان، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرەتای گەڕی دووەمی سەردانەکانیان بۆلای لایەنە سیاسییەکان سەردانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی دەکەن.

سێی ئەم مانگە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیدا هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی  کوردستان و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاندید کران.

نێچیرڤان بارزانی، کە ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2006 ەوە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم دەکات، مەسرور بارزانیش کە کوڕی گەورەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتییە لە ئێستادا راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP