وەزارەتى خوێندنى باڵا باشترین توێژەرانى ساڵ دیاریدەکات

- 12/6/2018 2:28:00 PM 1816 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە مەراسیمێکدا باشترین 10 توێژەرى ساڵ دیاری بکەن و ڕێز لە توێژەرەکان بگیردرێت.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە ئێستادا تیمەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان، سەرقاڵى دیاریکردنى باشترین ئەو توێژەرانەن کە توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بڵاوکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو هەڵبژاردنەدا پشت بەو داتایانە دەبەسترێت کە زانکۆکان لە ڕێگەى ڕیزبەندى نیشتیمانی زانکۆکانەوە پێشکەشیان کردووە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیگەیاند، پێوەرەکان لەسەر بنەماى ئەو گۆڤارانە دیاری دەکرێـت، کە ئاستیان بەرزە و فاکتەرى کاریگەریان هەیە، دواتریش ئەو توێژەرانەى کە زۆرترین فاکتەرى کاریگەر کۆدەکەنەوە دەبنە 10 باشترین توێژەرانى ساڵ بۆ ساڵى 2018.

عەباس ئەکرەم زیاتر وتیشی، بڕیارە رۆژی سێشەممە داهاتوو وەزارەتەکەیان لە مەراسیمێکێدا لە شارى هەولێر رێز لە 10 باشترین توێژەرى ساڵى ٢٠١٨ بگرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP