شاندێکی هەرێم بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی پێکهاتە ئاینییەکان دەچێتە فەڕەنسا

- 12/6/2018 1:35:00 PM 1013 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی فەڕەنسا دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی کریستیانەکان و پێکهاتە ئاینییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی فەڕانسا دەکەن، ئامانجی سەرەکی لەو سەردانە بەشداریکردنە لە کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی کریستیانەکان و پێکهاتە ئاینییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کۆنفرانسەکە لە رۆژانی 11 و 12ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی سەرەکی بەرێوەچوونی ئەو کۆنفڕانسە ئیدانەکردن و خستنەڕووی تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانە دژی کەمایەتییە ئاینیەکان بەگشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق. 

بابەتێکی دیکەی سەرەکی کۆنفرانسەکە پاراستنی ژیانی کریستیانەکانە لە رووی ئەمنی و داهاتوویان لە عێراق.

کۆنفڕانسەکە بە پشتگیری هەریەکە لە لیژنەی کەمایەتییە ئاینییەکان لەوانە کریستیانەکان لە پەرلەمانی فەڕەنسا، ئەنجومەنی سیناتی فەڕەنسا، و سەرۆکی بەشی کارووباری کریستیانەکان لە ئەنجومەنی سیناتی بەڕێوەدەچێت کە چاودێری رەوشی کریستیانەکان دەکەن لە عێراق بەتایبەت ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم رایگەیاند، "رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە روونی مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە، لە رەشنووسی دەستووری هەرێمدا مافی پێکهاتەکان بە روونی رەنگی داوەتەوە وەک لە ماددەی ٦ى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاوڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP