مەراسیمی ماڵئاوایی لە جۆرج بووشی باوک لە واشنتۆن کۆتاییهات

- 12/6/2018 9:46:00 AM 2702 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە جۆرج ئێچ دەبلیوو بووش، سەرۆکی پـێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  لە کڵێسای کاتدرائی نیشتمانی لە واشنتۆنی پایتەخت بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و چوار سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

لە مەڕاسیمەکە چوار کەسی سەرەکی وتاری ماتەمینی خۆیان پـێشکەشکرد، لەوانە جۆرج بوشی کوڕ و ئالان سیمپـسۆن، سیناتۆری پـێشووی ویلایەتی وایۆمینگ و براین مولڕۆنێ، سەرۆک وەزیری پـێشووی کەنەدا و مێژوونووسی سەرۆکایەتی جۆن میچەم.

هاوکات 21 تۆپ تەقێنرا وەک بەشێک لە نیشاندانی ڕێز بۆ ئەو پـیاوەی کە بۆ دەیان ساڵ لە پـلە و پـۆستی جیاوازدا خزمەتی بە نیشتمان کردووە.

بەپێی میدیای فەرمی حکومەتی ئەمەریکا، جگە لە سەرۆکەکانی پـێشوو، جێگرەکانی پـێشووی سەرۆکیش ئامادەبوون، ئەوانیش دان کوەیل و دیک چینی و ئال گۆر و جۆ بایدن، هەروەها جێمس بێکەر و کۆڵن پاوەڵ و کۆندەلیزا ڕایس وەزیرانی پـێشووی دەرەوە ئەوانیش بەشداریـیان لە پـرسەکەدا کرد.

هەروەها شازادە چارڵزی بەریتانیا و ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و لیخ ڤالیسا سەرۆکی پـێشووی پـۆڵەندا بەشداری مەراسیمەکەیان کردووە.

ئەمڕۆش وەک بەشێک لە ماتەمینی لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا کرا بە پشـووی فەرمی.

جێم مکگراپ، وتەبێژی جۆرج ئێچ دەبلیوو بووش بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو ڕایگەیاند، "سەرۆک بووشی باوک شەوی هەینی لە کاژمێر 10:00ی شەو بە کاتی خۆجێیی لە شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساس کۆچی دواییکرد".

دووشەممەی رابردوو بە فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا تەرمی  جۆرج ئێچ دەبلیوو بووش باوک لە شاری هیوستنی تەکساسەوە گەیشتە واشنتۆنی پایتەخت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆش لەگەڵ تەواوبوونی مەراسیمەکە لە کڵێسای کاتدرائی نیشتمانی بە هەمان فڕۆکە بەرەو تەکساس دەبرێتەوە، تاوەکو لە سەنتەری کتێبخانەی سەرۆکایەتی جۆرج بوشی باوک لە شاری کۆلێژ ستەیشن، لە پاڵ باربرای هاوسەری بنێژرێت، کە لە مانگی چواری ئەمساڵدا کۆچی دواییـکرد، هەروەها لە پاڵ ڕۆبنی کچی کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا لە ساڵی 1953بە نەخۆشی لوکیمیا گیانی لەدەست دا.

جۆرج ئێچ دەبلیوو بووش لە ساڵی 1989 وە تا ساڵی 1993 سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو، زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە نێو کورددا ناسرا، لە پاش ئەوەی سنوورێکی بۆ تاوانەکانی سەدام حسێنی دیکتاتۆری پـێشووی عێراق دانا.

کاتێک لە ساڵی 1991 ڕێبەرایەتی هێرشێکی گەورەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕزگارکردنی وڵاتی کوەیت لە داگیرکاری ڕژێمەکەی سەدام حسێن کە سەر ئەنجام ڕاپەڕێنی گەلانی عێراق و خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە و هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ کەوتە ژێر پاراستنی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و لە هێرشەکانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن پارێزرا.


نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP