پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا باس لە تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی نەکراوە

- 12/6/2018 9:20:00 AM 733 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، بەڵام لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بڵاویکردەوە، باس لە تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی نەکراوە.

سێشەممە رابردوو پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی پشێوییەوە نەتوانرا دەنگدان لەسەر وەزارەتە ماوەکانی کابینەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامبدرێت.

لە خشتەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا هیچ ئاماژەیەکی تیادا نییە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کاندیدی ئەو ٨ وەزارەتەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی کە تا ئێستا پڕنەکراونەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا سوێندخواردنی ئەو پەرلەمانتارانە بەڕێوەدەچێت کە تا ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردووە و دوای ئەوەی بوونەتە پەرلەمانتار.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها چەند پرۆژە یاسایەک دەخرێتەڕوو کە لە خولی پێشووی پەرلەماندا پەسەند نەکراون، هاوکات پەرلەمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا.

دووشەممەی رابردوو، عادل عەبدولمەهدى ناوى کاندیدان بۆ وەزیرانی هەر هەشت وەزارەتەکەى رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد، تا لە کۆبوونەوەى رۆژی سێشەممەدا بڕیارى لەسەر بدەن.

کاندیدانی عادل عەبدولمەهدى بۆ ئەو هەشت وەزارەتەی کە ماوە بریتی بوون لە حاکم دارا نورەدین، کاندیدی وەزارەتی داد فالح فەیاز، کاندیدی وەزارەتی ناوخۆ و فەیسەل الجربا، کاندیدى وەزارەتی بەرگری و عەبدولئەمیر حەمدانی، کاندیدى وەزارەتی ڕۆشنبیری و نوری دلێمی، کاندیدى وەزارەتی پلاندانان و د. صبا تائی، کاندیدى وەزارەتى  پەروەردە و قوسەی عەبدولوەهاب، کاندیدى وەزارەتى خوێندنی باڵا و هنا‌و عمانوئیل، کاندیدی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران.

کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو بەهۆی دروستبوونی پشێویی ئاڵۆزییەوە دواخرا، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێک لە فراکسیۆنەکان ناڕازیی بوون لەسەر ئەو کاندیدانەی کە عادل عەبدولمەهدی پێشکەشی پەرلەمانی کرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP