وەفیق ئەلسامەڕایی له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ده‌دوێت

- 12/5/2018 9:10:00 PM 69288 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەفیق ئەلسامەڕایی، یەکێک لە سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییە سونییەکانی عێراق، له‌باره‌ی سه‌ردانی سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح بۆ چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ رایگه‌یاند، سەرۆک بەرهەم ساڵح گەڕێكی سەردانكردنی سەركەوتوویی بە رێژەی له‌ 95% بۆ چەند وڵاتێك ئەنجامدا و لە میانەی سەردانەكانیدا وێنەیەكی زیندوویی پیشاندا.

وەفیق ئەلسامەڕایی لەوتارێکدا کە بەزمانی عەرەبی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و میدیا عه‌ره‌بییه‌كان گرنگی تایبه‌تیان پێداوه‌ نوسیوویه‌تی، "سەرۆک بەرهەم ساڵح گەڕێكی سەردانكردنی سەركەوتوویی بە رێژەی له‌ 95% بۆ چەند وڵاتێك ئەنجامدا و لە میانەی سەردانەكانیدا وێنەیەكی زیندوویی پیشاندا".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "سەردانیكردنی سەرۆک بەرھەم بۆ میرنشینی كوەیت زۆر سەركەوتوو بوو، چونكە سەردانەكە وەک ویستی كوەیت بوو لە كرانەوەیەكی سەرتاسەریی بە ڕووی عێراقدا، دوای ئەو ھەموو كێشە كەڵەكەبووانەی بەهۆی داگیركاری سەدامی ستەمكارەوە ھاتبوونە ئاراوە".

سامەڕایی پێیی وایه‌، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی عێراق بۆ كوه‌یت دەرگای هاوكاری و وەبەرهێنان بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ بەسەر داهاتووی گەنجان و هەلی كار بۆ سەرجەم عێراقییەکان دەکاتەوە.

له‌باره‌ی سه‌ردانی سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح بۆ وڵاتی ئۆردن وەفیق ئەلسامەڕایی نوسیوویه‌تی، "سەردانیكردنی سەرۆك بەرھەم  بۆ ئوردن، لاپەڕەیەكی نوێ دەكاتەوە بۆ گەیشتن بە دەریای سوور بە گیانی لێكتێگەیشتنەوە، ھەروەک  دەبێتە وێستگەیەكی گرنگ بۆ پەیوەندی (عەرەبی- عەرەبی)، چونکە ڕوونە ئوردن لە ڕۆژئاواوە لە گرنگترین وڵاتە عەرەبیەكانە و بونی پەیوەندی  لەگەڵیدا بۆ عێراق  زۆر گرنگە".

سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح له‌ماوه‌ی رابردوودا دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی كوه‌یت و ئوردنی كرد سه‌ردانی كۆماری ئیسلامی ئێران-یشی كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌وه‌.

سامەڕائی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، "سەرۆك بەرھەم  بە شێوەیەكی زۆر شایستە و بەرچاو لەلایەن ئێرانەوە پێشوازی لێكرا، بێگومان ئێران بەردەوام كاریگەری لەسەر عێراق دەمێنێت، راستییەكی حاشا هەڵنەگریش هەیە بەوەی ئەو وڵاتە لە یەكەمین ساتەكانی جەنگی داعشدا شان بەشانی عێراق وەستا".

"پێویستە وەک سەرۆک بەرھەم ساڵح وتی، ئەو دۆخە پۆزەتیڤانە بقۆزرێتەوە و پەرەی پێ بدرێت"، سامەڕائی واینوسیووه‌.

سەرکردە باڵاكه‌ی سونییەکانی عێراق وەک بەراوردکارییەک ئاماژەی داوە بەسەردانەکەی فوئاد حسێن كاندیدی شکست خواردووی پارتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، کە ئێستا وەزیری دارایی عێراقە و لەلایەن خۆپیشاندەرانی بەسره‌وە ڕووبەرووی ناڕەزایه‌تی و ڕێگریکردن لە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی بووەوە کاتێک سەردانی ئەوشارەی کرد.

سامەڕائی ده‌ڵێت، "تێبینی ئەوەمان كرد گەنجانی پارێزگای بەسرە بەرهەڵستی سەردانیكردنی دکتۆر فوئاد حسێن،  وەزیری دارایی و نوێنەری مەسعود بارزانی-یان كرد وەك ئەوەی بینیمان".

رونیشیكردووه‌ته‌وه‌، "با بیهێنینە پێش چاوی خۆمان، ئەگەر مەسعود بارزانی  سەركەوتوو بوایە لە گەیشتن بە سەرۆكایەتی كۆمار چ دۆخێك دەهاتە پێشەوە؟"، هه‌روه‌ها نوسیوویه‌تی، "چانسی عێراقییەکان لەوەدابوو لە رووی جەماوەریی و لە میانی دەنگدانێكی ئازادیی بێ كۆت و بەندەوە هیوا بڕاو كرا".

سامه‌رایی له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی نوسیووه‌، "داواكاری پێویستیش ئەوەیە، با جوڵەی سەرۆكایەتیەكان و خەباتكاران بۆ كێشانی وێنەی كرانەوەكانی داهاتووی عێراق بەدیبهێنرێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP