هەموو هەوڵێکیان داوە لەپێناو بەدەستهێنانى وەزارەتێک

- 12/5/2018 8:48:00 PM 5314 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بڕیار جەلال

پەرتەوازەیی ناو ماڵى کوردى و ئاڵنگارییەکانى نێوان هێزو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، هەرێمى کوردستانى تێپەڕاندو ئێستا هێزە کوردییەکان شەڕەکەیان بردۆتە بەغداد لە پێناو وەرگرتنى زۆرترین پۆست بۆ حزبەکانیان.

وەزارەتى دادى عێراق کە لەئێستادا وەکو پشکى کورد بڕیاریی لێدراوە، وەک دۆزینەوەى هەنگوین لە دارا تەماشا دەکرێت، هێزە کوردستانییەکان بەجۆرێک هەوڵەکانیان بۆ پچڕینى چڕکردۆتەوە، ئاستى نوێنەرانى لایەنەکانى تێپەڕاندو بەرپرسانى یەکەمى بەشێک لە حزبەکان خۆیان گەیاندە بەغداد بۆ وەرگرتنى زۆرترین پلەو پۆست بۆ خۆیان.

پارتى دیموکراتى کوردستان هەموو هەوڵێکى خۆى خستۆتەگەڕ بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە، بە جۆرێک تەنانەت سەرۆکى پارتەکە، لەپێناو پچڕینى زۆرترین پشک لە بەغداد، هەموو ئەو وتانەى لەبیر خۆى بردەوە کە پێش ڕیفراندۆمەکەى ٢٥ ى ئەیلول لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا بەرامبەر بە بەغداد دەیکرد، هەر لەگەڵ راسپاردنى عادل عەبدولمەهدى بۆ پێکهێنانى حکومەت، مەسعود بارزانى گەشتە ئەو شوێنەى کە ساڵانێک بوو سەدان دروشمى لە دژیان بەرزکردبوویەوە، چەندین کۆبوونەوەى دووقۆڵى لەگەڵ لایەنە سیاسییە شیعەکان ئەنجامدا کە بەبڕواى چاودێران تەنها ئامانج لێى بەدەستهێنانى زۆرترین پشک بوو بۆ حزبەکەى.

پەرلەمانتارێکى گۆڕان دەڵێت،  لایەنى سیاسى هەیە وتویەتى ئەگەر ئەو وەزارەتە بۆ من نەبێت ئەوا با هەر نەدرێتە کورد، لەبەرامبەردا ئەندامێکى پارتى لە ئەنجوومەنى نوێنەران رەخنە لەو حزبانە کوردیانە دەگرێت کە بایکۆتى دەنگدان بە هەشت وەزارەتە بەتاڵەکەیان کردو دەڵێت خۆشیان نازانن بۆ بایکۆتیان کرد.

دانا محەمەد جەزا ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر لیستى پارتى بە خەندان-ى ڕاگەیاند: "ئێمە نازانین بۆچى لایەنە کوردییەکان بەشدارییان نەکرد، چونکە بەبێ هۆکار چونەتە بەرەى دوو سێ حزبى ترەوە".

ئەو ئەندامەى پارتى لە پەرلەمانى عێراق وتیشى: "لایەنە کوردییەکانى تر کە بەشداریی دانیشتنەکەیان نەکرد، دەیانتوانى بێنە کۆبوونەوەکەو دەنگ نەدەن بەو کاندیدەى تێبینیان لەسەرى هەیە، نەک بایکۆتى دانیشتنەکە بکەن، خۆشیان نازانن بۆ بایکۆتى دانیشتنەکەیان کرد، ئەوە کاندیدى پارتى نییەو سەربەخۆیە، نە کادرى پارتییە نە هەرگیز بینیومانە، عادل عەبدولمەهدى کاندیدى کردووە بۆ وەزارەتى داد، ئەمە هیچ پەیوەندى بە پارتییەوە نییە".

ئەو پەرلەمانتارەى پارتى پێشى وایە، لایەنە سیاسییەکانى کورد هەموو کات رێککەوتن بکەن باشترە، لەسەر پرسە دەستوورییەکان هیچ کێشەیەکیان نابێت، ئێمە وەک پارتى هیچ کاتێک لەسەر مافەکانى کورد دژایەتى هیچ هێزێکى سیاسى ناکەین".

لەبەرامبەردا د. بەختیار شاوەیس ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە خەندان-ى راگەیاند: "هۆکارى بەشداریی نەکردنمان دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنى وەزارەتەکان بەشێوەیەکى نادادپەروەرانە، هیچ کاندیدێکى ئێمەى تیا نەبوو، بۆیە بەشدارییمان نەکرد".

وتیشى: "ئێمە پێویستمان بە یەکڕێزى و یەک گوتارى هەیەو کاریگەرى دروست دەکات لەسەر زیادکردنى پشکى کورد لە حکومەتى عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا لایەنەکان هەوڵ بۆخۆیان دەدەن تاکو زۆرترین پشک بۆ خۆیان بپچڕێنن".

لە کۆبوونەوەکەى دوێنێى پەرلەمانى عێراق، بزووتنەوەى گۆڕان بەشداریی نەکرد، وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر بێبەشکردنیان لە یەکێک لە پۆستە وەزارییەکان.

دکتۆر غالب محەمەد ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان بە خەندان-ى ڕاگەیاند: " بەداخەوە ناکرێت لایەنێک ببێت بە خاوەنى هەموو پۆستەکان، ناکرێت فراکسیۆنێک کە ٢٥ کورسى هەیە، بەناوى هەموو کوردەوە قسە بکات کە کورد ٥٧ کورسى هەیە ٣٢ کورسی ھی پارتی نیە".

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان ڕاشیگەیاند:" هەتا هێزە سیاسییەکان لە کوردستان نەگەنە ڕێککەوتن، لە بەغداد ناتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن".

دکتۆر غالب راشیگەیاند:" د. عادل عەبدولمەهدى داواى لە گۆڕان کرد کە کاندیدى هەبێت بۆ وەزارەتى داد، بەڵام ئێمە پێمانوایە دەبێت هێزە کوردییەکان شەڕ بکەن لەسەر مافە دەستوورییەکانى کورد نەک هەڵپەى وەرگرتنى پۆست بدەن".

لەبارەى ئەوەى بۆچى کورد سێ وەزارەتیان پێداوە لە کاتێکدا بڕیاربوو وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانیش بدرێتە کورد، ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەران ڕایگەیاند: پارتى وتویەتى ئەگەر نایدەنە ئێمە، ئەوا ئەو پۆستە با بۆ کوردیش نەبێت".

دوێنێ 4/12/2018 پەرلەمانى عێراق کۆبوویەوە بۆ دەنگدان بەو هەشت کاندیدەى کە عادل عەبدولمەهدى پێشکەشى کردبوو بۆ پڕکردنەوەى وەزارەتە بەتاڵەکانى حکومەتەکەى، بەڵام لە دانیشتنەکەدا تەنها فراکسیۆنى پارتى بەشداریی کردو تەواوى فراکسیۆنەکانى تر بایکۆتى دانیشتنەکەیان کرد.

هەرچەندە بەهۆى دروستبوونى گرژى و ئاڵۆزى نەتوانرا دەنگ بدرێت لەسەر کاندیدەکان و دانیشتنەکە بۆ رۆژى پێنجشەممە دواخرا، بەڵام هەڵپەو هەوڵدان بۆ وەرگرتنى وەزیرى داد، جارێکى تر ناکۆکى و ناتەباییەکانى کورد پیشانى شەقامى کوردى و عێراقى دایەوە.

کورد لە دەستوورى عێراق کۆمەڵێک مافى گرنگى هەیە، ماددەى ١٤٠ و ڕێژەى ١٧% ى بودجە و چەندین ماددەى گرنگى تر کە ئەگەر هێزە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلا بنایەو پێکەوە لە چوارچێوەى فراکسیۆنێکى کوردستانیدا هەوڵى دەستەبەرکردنى ئەو مافانەیان بدایە، دەکرا زۆر لەو خاڵە دەستووریانە جێبەجێ بکرێن کە خزمەت بە مافەکانى گەلى کورد دەکات لە عێراقدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP