سەرۆک بەرهەم ساڵح پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کرد

- 12/5/2018 12:29:00 PM 1119 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆکی کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغد پێشوازیکرد لە  سێریل نۆن، باڵیۆزی نوێی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە عێراق.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق پتەویی و قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە گرنگ هەڵسەنگاند و ئاماژەیکرد بۆ بایەخی بەشداریکردنی ئەڵمانیا لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە عێراق، هاوکات بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکانی لە بوژاندنەوە و ژیانەوەی ژێرخان و بەهێزکردنی ئابووری عێراقی بە پێویست زانی.

سەرۆک بەرهەم ساڵح رایگەیاند، عێراقییەکان سوورن لەسەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموکراسی سەرەڕای ئەو کۆسپانەی کە دێتە رێیان، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا بایەخی تایبەتی هەیە.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا ئاماژەیکرد بۆ پێگەی گرنگی ئەو پەیوەندییانەی کە وڵاتەکەی بە عێراقەوە دەبەستێتەوە، بۆیە بەردەوام دەبێت لە گەشەپێدان و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە و تۆکمە کردنی بناغەکانی هاریکاریی هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP