دوای 27 ساڵ ئه‌مەریكا نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتی له‌ سۆماڵ دەکاتەوە
ناوێرت: گه‌ڕانه‌وه‌مان په‌یوه‌ندیداره‌ به دیموكراسی، سه‌قامگیری و ‌گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری سۆماڵەوە

- 12/5/2018 11:58:00 AM 729 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێزه‌ر ناوێرت، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مەریكا رایگەیاند، دوای 27 ساڵ نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتی له‌ سۆماڵ دەکەنەوە، ئەوەش دەریدەخات لەم ساڵانەی دواییدا سۆمال بەرەوپێشەوە چووە.

هێزه‌ر ناوێرت، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مەریكا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاته‌كه‌ی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتی هه‌میشه‌یی له‌ سۆماڵ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی ١٩٩١ه‌وه‌ دایخسستووه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئه‌و رووداوه‌ مێژووییه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و پێشكه‌وتنه‌یه‌ كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ سۆماڵ روویداوە".

دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ سۆماڵ ئیداره‌ی واشنتۆن له‌ سەرەتای ساڵانی نەوەدەكانی سه‌ده‌ی رابردودا كه‌ روخاندنی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی لێكه‌وته‌وه‌ به‌ هۆكاری ئه‌منی باڵیۆزخانه‌ی خۆی له‌ مۆگادیشۆ داخست و بانگهێشتی كارمه‌نده‌كانی باڵیۆزخانه‌كه‌ی كرده‌وه‌ بۆ ئه‌مەریكا. 

ناوێرت راشیگەیاند، "گه‌ڕانه‌وه‌مان په‌یوه‌ندیداره‌ به دیموكراسی، سه‌قامگیری و ‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵاتدایه‌".

ئەوەشی خستەڕوو، "باڵیۆز دۆناڵد یامامۆتۆ و تیمه‌كه‌ی له‌ پێناو به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان بۆ ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی كاركردنن له‌گه‌ڵ گه‌ل و حكومه‌تی سۆماڵ".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP