ئەمەریکا 60 ڕۆژ مۆڵەت دەداتە ڕوسیا تا پابەندبێت بە رێکەوتنامەی چەکی ناوەکییەوە

- 12/5/2018 8:42:00 AM 1424 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا 60 ڕۆژ مۆڵەت دەداتە روسیا تاوەکو دانبنێت بەوەی کە رێکەوتنامەی چەکی ناوەکیی پێشێل کردووە، کە بەپێی پەیماننامەکە دەبێت ئەوروپا خاڵی بێت لە موشەکی ناوەکیی.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و بەتایبەتی ئەڵمانیا لەمیانەی کۆبوونەوەکەی بڕۆکسلدا فشاریان خستە سەرمایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تاوەکو ئەمەریکا پێش ئەوەی بکشێتەوە لە رێکەوتنامەکە ڕێگەی دیپلۆماسی بگرێتەبەر، ئەمەش لە ترسی ئەوەی کێبڕکێیەکی نوێی خۆپڕچەککردن لە ئەوروپا دروست ببێت.

لە بەرامبەردا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕازیبوون لەسەر ئەوەی بە فەڕمی ڕایبگەیەنن کە ڕوسیا ناوەڕۆکی پەیماننامەکەی پێشێل کردووە.

هاوکات ڕوسیا ڕەتیدەکاتەوە پەرەی بە هیچ موشەکێکی کروزی مەودا ناوەند دابێت کە بتوانێت کڵاوەی ناوەکی هەڵبگرێت و لە ماوەیەکی کورتدا لە شارەکانی ئەوروپا بدات.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە میانەی کۆنگرە یەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مەودای ئەو موشەکانی روسیا وادەکات هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ هەبێت لەسەر ئەوروپا، هاوکات کارەکانی ڕوسیا ئاسایشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی تێکدەدات.

هەروەها وتیشی، "بەپێی ئەم ڕاستیانە، ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت کە ڕوسیا ناوەڕۆکی ئەم ریێکەوتنامەیە پێشێلکردووە و لە ماوەی 60 ڕۆژدا ئەگەر ڕوسیا پابەند نەبێت ئەوا پابەندبوونەکانمان بەپێی پەیماننامەکە ڕادەگرین."


نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP