ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران کۆبونەوەیەکی داخراوی ئەنجامدا

- 12/4/2018 10:48:00 PM 3219 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئاکام محەمەد

ئەمرۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبونەوەیەکی داخراوی ئەنجامدا، بۆ قسەکردن لەسەر ئەو موشەکەی هەفتەی رابردو ئێران "بۆتاقیکردنەوە" هاویشتی.

رێکەوتی یەکی ئەم مانگە، مایک پەمپیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تویتێکیدا رایگەیاندبوو، کەمێک لەمەوبەر رژێمی ئێران موشەکێکی بالیستی مەودا ناوەندی تاقیکردەوە".

"ئەو موشەکانە چەندین قومبەلە دەهاوێژن کە توانای پێکان و بە ئامانجگرتنی هەموو جێگا و ناوچەیەکیان هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، تەنانەت هەندێک ناوچەی ئەوروپاش" پەمپیۆ لە تویتەکەیدا وای نوسیوە.

لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا  ئیدانەی توندی ئەو هەنگاوەی تاران دەکات و دەڵێت" پیشێلکردنی (مادەی ٢٢٣١)یە لە رەشنوسی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

دوابەدوای ئەمەریکا هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا ئیدانەی ئەو کارەیان کرد و هاوشێوەی ئەمەریکا، ئەوانیش ئەو هەنگاوەی تارانیان بە پێشێلکردنی ماددەکانی رەشنوسی ئەنجومەنی ئاسایش لەقەڵەمدا.

کارین پیەرس بالیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی" هیچ پاساوێکی یاسایی نیە بۆ تاران تا کارێکی لەو جۆرە ئەنجامبدات، لایخۆشیەوە فرانسیس دیلاترێی هاوتا فەرنسیەکەی پیەرس، پشتگیری لە وتەکانی کرد و داوای لە ئەنجومەنی  ئاسایش کرد بۆ تاوتوێی ئەو بابەتە کۆبونەوەی بەپەلە ئەنجامبدات.

رۆژی شەممە، هێزی دەریایی ئێران کەشتیەکی جەنگی هەڵگری سیستەمی موشەکی پێشکەوتوی لە کەنداوی فارسدا جێگیرکرد.

لەو بارەیەوە ئاژانسی ئیرنای ئێرانی رایگەیاند، دوای مەراسیمێکی تایبەت ئەو کەشتیە جەنگیە جێگیرکراوە کە درێژییەکەی ٩٠ مەترە و دروستکراوی ئێرانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دروستکردنی ئەو کەشتیە جەنگییەدا نوێترین تەکنەلۆژیای ئێرانی بەکارهاتووە، تیایدا موشەکهاوێژی ژێردەریایی، دژە گولـلە و دژە فرۆکە و موشەکی زەمینی و ئاسمانیش دروستکراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP