سەرۆك به‌رهه‌م ساڵح پێویستی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی پیشەیی هاوسەنگ دووپات دەکاتەوە

- 12/4/2018 6:31:00 PM 1807 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی سەرۆک بەرهەم ساڵح لەگەڵ وەفدێکی پارێزگای موسەنا

خەندان-

 سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح ده‌ڵێت، پێویستە حکومەتێکی  نیشتمانی پیشەیی هاوسەنگ پێک بهێنرێت لە پێناوی بوژاندنەوەی وڵات و خۆ ئامادەکردن بۆ قۆناغی دوای رزگاربوون لە داعش.

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠١٨/١٢/٤ لە میانەی پێشوازیکردن لە وەفدێك بە سەرۆکایەتی فالح ئەلزیادی پارێزگاری موسەنا و ئەحمەد مەنفی پارێزگاری تازە هەڵبژێردراو و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەن و بەڕێوەبەرانی کارگێری و ئەمنی و خزمەتگوزاری پارێزگای موسەنا .

لە دیدارەکەدا کە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو وەفدەکە بارودۆخی ئێستای پارێزگاکە و ئەو کێشانەیان خستەرو کە پارێزگای موسەنا لە بوارەکانی  خزمەتگوزاری و  ژێرخانە ئابوورییەکەیەوە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، هاوکات سەرۆک و ئەندامانی وەفدەکە بەشە دارایی پارێزگاکە و تێکەڵ بوونی دەسەڵاتەکانیان باسکرد، گفتوگۆشکرا لە دەربارەی باری ژیان و گوزەرانی خەڵک لەو پارێزگایەدا  .

سەرۆک کۆمار لە دیدارەکەدا ئاماژەیکرد بۆ پێویستی رزگار بوون و خۆ قوتار کردن لە تونێلی تاریکی کێشمە کێشی سیاسییە بێ هودە و بێ ئەنجامەکان، لەو بارەیەوە رای گەیاند کە پێویستە تیشک بخرێتە سەر چاککردنی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار و نەهێشتنی بێ کاری و لابردن و کەمکردنەوەی ئەو ستەم و بەشخوراوییەی روبەڕووی دەبنەوە  . 

سەرۆک بەرهەم ساڵح لە وتەکانیدا گوتی هیوادارم پارێزگای موسەنا لە بواری خزمەتگوزارییدا بایەخدانی زیاتر بە خۆوە ببینێت، لەو روەوە داوای هەماهەنگی زیاتری کرد لە نێوان حکومەتە خۆجێیه‌كان و دەسەڵاتی فیدراڵیدا بە تایبەتی لە  دۆسیەی گواستنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان پارێزگاکاندا . 

سه‌رۆك كۆمار هه‌روه‌ها، ستایشی  مێژوی پڕ سەروەری و قارەمانێتی خەڵک و عەشیرەتەکانی پارێزگای موسەنای کرد کە بەدرێژایی سەردەمەکانی رابردوودا بە روی زۆرداری  و ستەمکاریدا وەستاونەتەوە.

 سەرۆک و ئەندامانی وەفدی میوانیش بایەخدان و پەرۆشی سەرۆک کۆماریان  بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و ژیانێکی سەربەرزانە بۆ رۆڵەکانی پارێزگای موسەنا بەرز نرخان.

وەفدەکە پێکهاتبوو لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا، فەرماندە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەرانی تەندروستی، پەروەردە، وەبەرهێنان، کارەبا، سەرچاوەکانی ئاو، سەندیکای رۆژنامەنوسان و کەسایەتییە عەشیره‌ته‌كان و کۆمەڵایەتییە ناسراوەکان لە موسەنا .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP