له‌ یۆنان سێ كۆچبه‌ر له‌سه‌رمادا ڕه‌قبونه‌وه‌

- 12/4/2018 5:08:00 PM 32071 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سێ کۆچبەری نایاسایی لە باکوری ڕۆژئاوای توركیا و لە نزیک سنووری یۆنان لە سەرمادا ڕەقبوونەتەوه‌، بەپێی ئامارێکیش نزیک بە 14 هەزار کەس بە شێوەیەکی نایاسایی لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ یۆنان.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانكردۆته‌وه‌"یەکێک لە تەرمەکان لە لایەن شوانێکەوە دۆزراوەتەوە و ئەویش لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادارکردووەتەوە و گەیشتوونەتە شوێنەکە و بۆیان دەرکەوتووە کۆچبەرێکی نایاسایی ئەفغانی بووە و لە سەرمادا ڕەقبووەتەوە".

هه‌روه‌ها"لە ناوچەیەکی دیکەی نزیک سنووری یۆنان دوو تەرمی دیکەش دۆزرانەوە و ئەوانیش بە هەمان شێوە گیانیان لەدەستداوه‌ و  میدیاکان ناسنامەی ئەم دوو کۆچبەرەی دیکەیان ڕانەگەیاندووه‌".

لە لایەکی دیکە "ئەفغانیـیەکی تەمەن 29 ساڵ کە لە تورکیا دەستگیرکراوە، گوتویەتی ئەو لەگەڵ کۆمەڵێک کۆچبەری دیکە بووە و کە گەیشتوونەتە یۆنان لە دەرگای ماڵی گوندەکانیان داوە هەتا یارمەتیان بدەن، بەڵام کەس دەرگای لێنەکردوونەتەوە و پـۆلیسی یۆنان دەستگیریکردوون و ڕەوانەی تورکیای کردوونەتەوە. گوتوشیەتی ئەو ئەفغانیـیەی ڕەقبووەتەوە لەگەڵیاندا بووە".

بەپـێی ئاماره‌كان لە سەرەتای ساڵى 2018 تائێستا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە شێوەیەکی نایاسایی لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ یۆنان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP