فێستیڤاڵی کاریکاتێریی کارتۆنی نێودەوڵەتی لە رۆمانیا بەڕێوەچوو

- 12/2/2018 10:45:00 AM 3298 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فێستیڤاڵێکی کاریکاتێریی کارتۆنی نێودەوڵەتی لە رۆمانیا بە هاوبەشی لە نێوان سەنتەری کولتوری شاری دێڤا و خانەی وەشاندنی کریسان و کۆمەڵەی کاریکاتێریستانی دێڤا لە رۆمانیا رێکخرا.

فێستیڤاڵەکەش بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر یەکگرتنەوە مێژووییەکەی رۆمانیای نوێ بوو لە نێوان ساڵانی 1918بۆ 2018 لیژنەی هونەریی هەڵسەنگاندنی کاریکاتێرەکانیش لە نێو سێ هەزار و 458 کاردا  هەزار و 630 کاریان پەسندکرد، لە کۆی 487 تەنها 441 هونەرمەندی کاریکاتێریست لە 69 وڵاتەوە پەسندکرا.
 
هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریستی کورد هەندرێن خۆشناو یەکێک بوو لە بەشداربووانی ئەو فێستیڤاڵە.

هه‌ندرێن خۆشناو كه‌ ساڵانێكه‌ له‌ بواری هونه‌ری شێوه‌كاریی و كاریكاتێردا کاردەکات، به‌وه‌ له‌ كاریكاتێریسته‌كانی دیكه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستاندا، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهانیشدا ناسراوه‌، و ساڵانه‌ له‌ چه‌ندین بۆنه‌ و فێستیڤاڵ و پێشانگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا به‌شداری ده‌كات.

سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداربوونی لەم فێستیڤاڵەدا هه‌ندرێن خۆشناو رایگەیاند، لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو لەلایەن هۆریا کریسانەوە کە خاوەنی خانەی وەشاندنی کریسانە، داوەتنامەیەکی پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵە کاریکاتێرییەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە پێنج کارتۆن بەشداریمکردووە، هەموو کارەکانم سەرکەوتووانە بە فلتەری لێژنە هونەرییەکە تێپەڕبوون و نمایشکران، کارەکانیش دابەشکرابوون بەسەر سێ تەوەردا، یەکەم یەکگرتن بەهێزیییە، دووەمیش بەدبەختی، و سێیەمیش تەوەری ئازادبوو. به‌رنامه‌ی رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەش وابوو کە کارەکان لە چەندین پێشانگای جیاجیا نمایش بکەن لە شارەکانی رۆمانیادا، و لە چەندین کتێب و کاتالۆگدا چاپیان بکەن، هەروەها لە چەندین سایتە کاریکاتێرییەکانی ئەو وڵاتەشدا بڵاوبکرێنەوە". 

هەندرێن خۆشناو راشیگەیاند، "جێگەی دڵخۆشییە کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەم بایەخە بە هونەری کاریکاتێر و کارتۆن دەدرێت، و ساڵانە سەدان بۆنەی هونەریی بۆ رێکدەخرێت و بە هەزاران هونەرمەند لە وڵاتانەوە بەکار و چالاکیەکانیان بەشداری دەکەن".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP