سبەینێ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئەیدزە

- 11/30/2018 9:17:00 PM 2572 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێکەوتی ١ی دیسەمبەری هەموو ساڵێک وەکوو رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئەیدز دەستنیشانکراوە.

ئەیدز (ئینگلیزی: Acquired immune deficiency syndrome کورت دەکرێتەوە بۆ "AIDS")، نەخۆشییەکە دەبێتە ھۆی دابەزینی توانای کۆئەندامی بەرگری لەش، کە بەھۆی ڤایرووسی ئێچ ئای ڤییەوە(HIV) تووشی مرۆڤ دەبێت، ئەیدز بەھۆی زایەند و گواستنەوەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە، لە ساڵی (١٩٨١)ـەوە تا ئێستا ئەیدز زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەسی کوشتووە‌، کە بە نزیکەیی دەکاتە نیوەی ژمارەی کوژراوانی جەنگی جیھانی دووەم، لە جیهان ٣٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار هەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش HIV هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس دەکوژێ،  نزیکەی دوو ملیۆنی دیکەش وەک توشبووی نوێ دەکاتە قوربانی.

ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئەیدز، دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵەکانی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتی یە بۆ توشبووانی نەخۆشی ئەیدز لەسەر ئاستی جیهان. 

هەرچەندە تائێستا ئەیدز، چارەسەری بنەبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژە ئەیدزی زۆر کاریگەر هەنە کە دەتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییە کە بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن کە ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی دیکە بژیت ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئەیدزی رزگارکرد بەجۆرێک بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی لە ۳٨ ٪ کەمکردۆتەوە هەروها هۆکاری کەمبوونەوەی لە ۳٦٪ توشبووی نوێیە، چونکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشی ئەیدز .

لە هەرێمی کوردستان لەم ساڵ ٦ حاڵەتی نوێی نەخۆشیەکە لەنێو هاووڵاتیانی هەرێم تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی توشبووانی ئەیدز لە هەرێم ( لە ساڵی ۱۹٨٦ تا کۆتایی ۲۰۱٨ )  دەبێتە ۳۲ حاڵەت،  کە ۹ یان لە ڕەگەزی مێیینەن و ۲۳ نێرینەن، هەموویان لە ژێر چاودێری پزیشکی خۆپارێزین لە هۆبەکانی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئەیدز لە هەرێمی کوردستان، پشکنینی پێوویست و چارەسەر و هۆشیاریان پێ دەدرێت .

ساڵانە زیاتر لە ۳٥۰ هەزار پشکنینی ڤایرۆسی ئەیدز لە هەرێم ئەنجامدەدرێت هەموو بیانیەکان کە دێنە هەرێم پشکنینیان بۆ دەکرێت، هەروها هەموو بوتڵێکی خوێن دەپشکندرێت و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێکدێنن، کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان، بەندکراوەکان، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و هەوکردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەموویان پشکنیان بۆ ئەنجامدەدرێت لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئەیدز لە هەرێم  کە جگە لەم پشکنیانە، چالاکی هۆشیاری و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێویستی پشکنین لەخۆدەگرێت، لەمساڵدا لەئەنجامی پشکنینی بیانیەکان ۲۳ حاڵەتی نەخۆشیەکە دۆزراوەتەوە و رەوانەی ووڵاتانی خۆیان کراونەتەوە .

سەرهەڵدانی نەخۆشییەکەRelated image

لە ساڵانی نێوان ١٨٨٤ - ١٩٢٤ لە رۆژئاوای ناوەڕاستی ئەفریقا راوچیان ڕاوی مەیمونی چیمپانزیان دەکرد، وا بڕوایە کە ھەندێک لە خوێنی مەیموونەکان چووەتە‌ ناو جەستەی ڕاوچییەکان "لە ڕێگای برین"، خوێنی مەیموونەکان ڤایرۆسێکی تێدابووە، کە بێزیان بووە بۆ مەیموون، بەڵام بکوژە بۆ مرۆڤ ئەویش بریتی بووە لە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی "ڤایرۆسی دابەزاندنی بەرگریی مرۆڤ" ڤایرۆسی نەخۆشیی ئەیدز.

لە حوزەیرانی ١٩٨١، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن نەخۆشی "سی دی سی" ئەمریکا، ڕاپۆڕتێکی بڵاوکردەوە لە لۆس ئانجلەس لەسەر ٥ پیاوی "ھاوڕەگەزخواز"ی گەنج کە تووشی جۆرێکی کەڕوویی ھەوکردنی سییەکان ببوون، ئەم جۆرە ھەوکردنە ھەرگیز نەبیندرابوو لە کەسێک کە سیستەمی بەرگریی سەلامەتی ھەبووبێت.

لە ٤ی تەمموزی ھەمان ساڵ، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی "سی دی سی" ئەمریکی، راپۆرتێکی دیکەی بڵاوکردەوە کە جۆرە شێرەپەنجەیەکی زۆر دەگمەنی پێست، پیاوێکی گەنج دەکوژێت! کە پێشتر کەسەکە سەلامەت بووە.

دوای چەند مانگێکی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی "سی دی سی" ئەمریکی، نەخۆشیەکەی ناوزەندکرد بە ئەیدز.

ئەیدز باوە لەنێو کەسانی نەخۆشی ھیمۆفیلیا، چونکە نەخۆشییەکە بە خوێن دەگوازرێتەوە، ئەیدز جگە لە گواستنەوەی بە رێگای خوێن بە رێگای زایەندیش دەگوازرێتەوە، ھەروەھا لە دایک بۆ منداڵێش دەگوازرێتەوە.

قۆناغەکانی توشبون و گواستنەوە

تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV ناگۆڕێت بۆ نەخۆشی ئەیدز ھەتا وەکوو تووشبووەکان بەم سێ قۆناغەدا نەڕۆن.

قۆناغی یەکەم

بەقۆناغی یەکەمی تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV دەڵێن "قۆناغی ھەڵھاتن"، کە جیا دەکرێتەوە بە دەرنەکەوتنی ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشی یان زۆرکەم تێیدا، بەڵام ڤایرۆسەکان دوو ھێند دەبن، ژمارەیان زیاد دەکات، کاتێک کە کۆئەندامی بەرگری دەست دەکات بەھێرشەکەی؛ پلازمەخانەکان دژەتەنەکان درووست دەکەن بۆ پەلاماردانی ڤایرۆسەکە، بۆ تاقیکردنەوەی ھەبوونی ڤایرۆسی HIV لەباری تووشبوون پێویست دەکات کە بڕی پەیداکراو لە دژەتەنەکانی ڤایرۆسی HIV زۆر بێت، ئەمەش پێویست بە تێپەڕبوونی چەند ھەفتەیەک دەکات بەسەر تووشبوونەکەدا، کە لەوانەیە تووشبووەکان لەماوەی قۆناغی یەکەمدا ھەست بکەن کە تەندرووستییان باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دەتوانن خەڵکی دیکە تووش بکەن، وە لەوانەیە قۆناغی یەکەم ماوە ١٠ ساڵ یان زیاتر بخایەنێت.

قۆناغی دووەم

سەرەتای دەرکەوتنی نیشانە خراپەکان، ئاماژەیە بەدەستپێکردنی قۆناغی دووەمی نەخۆشی ئەیدز، خانەکانی B بەردەوام دەبن لەبەرھەمھێنانی بڕێکی زۆر لە دژەتەنەکان بۆ ڤایرۆسی HIV، ھەرچەندە ژمارەی خانەکانی T بەردەوام لە کەمبوونەوەدان، ھەر لەو کاتەش کە ڤایرۆسەکە لەدووھێندبوونی خۆی بەردەوامە، لەگەڵ بێ توانایی کۆئەندامی بەرگری؛ لیمفەڕژێنەکان ھەڵدەئاوسێن و ھەست بە ماندووبوون دەکرێت و کێش کەم دەکات و تالێھاتن دەردەکەوێت، سکچوونیش ڕوودەدات و تووندیش دەبێت. لەھەندێک توشبوودا، لەوانەیە لەبیرچوونەوە و شێوازی بیرکردنەوەی نادرووستیش ڕووبدات.

قۆناغی سێیەم

لەقۆناغی سێیەمدا ژمارەی خانەکانی T یاریدەدەر کەمدەبنەوە، بەڕادەیەک نەتوانن خانەکانی B و خانەکانی T ژەھراوی چالاک بکەن لەپێناو بەرھەڵستیکردنی ڤایرۆسە ھێرشبەرەکە، لەئەنجامی ئەمەشدا بڕی دژەتەنەکان بۆ دژەپەیداکەرەکانی HIV کەمدەبنەوە، لەناکاو ژمارەی ڤایرۆسەکانی HIV زیاد دەکەن، ڤایرۆسەکان لە تێکشکاندنی ئەو بەشە کەمەی خانەکانی T یاریدەدەر دەمێنێتەوە، بەردەوام دەبن. بەمەش دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئایدز دەکرێت، ئەو کاتەی کە ژماری خانەکانی T یاریدەدەر کەمدەبنەوە بۆ ٢٠٠ خانە لە یەک میلی لیتری خوێن یان کەمتر لەو ژمارەیە، بەرامبەر بڕە ئاساییەکەی کە لەنێوان ٦٠٠-٧٠٠ خانەی T یاریدەدەر لەیەک میلی لیتر دایە. ھەروەھا دەتوانرێت دەستنیشانی نەخۆشی ئایدز بکرێت لەکاتی دەرکەوتنی تووشبوونی ھەڵپەرست.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP