دوای دابڕانێکی زۆر کەژاڵ ئەحمەد-ی شاعیر لە ئێوارەیەکی پڕ چالاکی کۆمەڵەی سۆفیادا دەردەکەوێتەوە

- 11/29/2018 9:26:00 PM 16602 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

سبەی هەینی لە ئێوارەیەکی پڕ چالاکی هونەرییدا لە شاری سلێمانی، کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر دوای ١٠ ساڵ بە خوێنەران و دۆستانی شیعر ئاشنا دەبێتەوە. 

لەو ئێوارە هونەرییەدا چەند چالاکیەک بەڕێوەدەچن، کۆڕە شیعرییەکە ئاوێزان دەبێت بە میوزیک و سەمای بالێ و هەروەها یەکێک لە کچانی گروپی کچانی مەحوی تێکستێکی شاعیر کە پێشتر کراوەتە گۆرانی، پێشکەش بە ئامادەبووان دەکات. 

ئێوارە هونەرییەکە کاتژمێر ٠٦:٠٠ ی ئێوارە و لە هۆڵی سینەما سالم بەڕێوەدەچێت و ئامادەبوون بۆ هەمووان و بێبەرامبەر دەبێت. 

لانە محەمەد، ئەندامی کۆمەڵەی سۆفیا کە کۆمەڵەیەکە بۆ بە کلتورکردنی خوێندنەوە کاردەکات، بۆ بەشی کلتوری خەندان دواو وتی، " کۆمەڵەکەمان گەڕانەوەی خاتو کەژاڵی بە گرنگ زانی و ئامانجی ئەوەبوو ئەم شاعیرە لە ئێوارەیەکی پڕ چالاکییدا بە خوێنەرانی تێکستەکانی و دۆستانی شیعر ئاشنا بکاتەوە". 

وتیشی، "کۆمەڵەی سۆفیا لەوکاتەوەی دامەزراوە بەردەوام بە چالاکی جیاواز هاتووەتە پێشەوەو چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەدەبی و کلتوری جیاواز لە گروپەکانی دیکە  ئەنجامداوە وەک فرۆشتنی کتێب بە پاسکیل و گەیاندنی بە دەست خوێنەر، و دانانی کتێبخانەی سەرشەقام، هەروەها پێشکەشکردنی چالاکی میوزیک لە ناو خەڵکدا و لە دەرەوەی هۆڵەکان".  

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاری ئەمجارەیدا کۆمەڵەی سۆفیا ئامانجییەتی چالاکیەکی زۆر جیاواز ئەنجامبدات کە چەند کایەیەکی هونەری لە ناو یەک ئێوارەدا کۆبکاتەوە بە جۆرێک خوێندنەوەی شیعر ئاوێزان بکات بە میوزیک و سەمای بالێ و هاوکات پێشکەشکردنی گۆرانیەکیش بە ئامادەبووان کە تێکستی گۆرانیەکە لەلایەن کەژاڵ ئەحمەدەوە دانراوەو پێشتر لەلایەن خانمێکەوە کراوە بە گۆرانی.  

لانە زیاتر وتی، پارچە میوزیک و گۆرانی ناو ئێوارەکە لەلایەن گروپی کچانی مەحوی ئامادەدەکرێت، سەمای بالێ-ش لەلایەن گروپی سەمای لەیزین بە سەرپەرشتی روبار ئەحمەدی راهێنەری سەما پێشکەش دەکرێت،

وەک لانە ئاماژەی پێدەدات کۆمەڵەی سۆفیا لە چالاکیەکانی داهاتوویدا کار بۆ ئەوە دەکات شیعر تێکەڵ بە چەندین کایەی دیکەی هونەری بکات و خوێنەران و ئامادەبووان بە جدییەتەوە بە شیعر ئاشنا بکاتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP