ئەمەریکا نایەوێت به‌هۆى كوشتنى خاشقچی-یه‌وه‌ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە بپچڕێنێت

- 11/29/2018 11:58:00 AM 2626 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- 

دوو سەرکردەی باڵا لە ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایانگەیاند، واشنتۆن نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ریاز بچپڕێنێت، بەهۆی کوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی سعودیەوە.

دوو سەرکردەی باڵا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرز-یان راگەیاندووە، ئەمەریکا نایەوێت په‌یوه‌ندیه‌كانی لەگەڵ سعودیە بچڕێنێت بەهۆی کوشتنی جەمال خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەریەکە لە مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا و ئاسایشى ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیی خۆیان بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ سعودیه‌ ده‌ربڕیوە. 

هاوکات مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پیران وتوویەتی، "به‌شیوه‌یه‌كى گشتى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاستى په‌یوه‌ندیه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و سعودیه‌ هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی و ئەمەریکا و هاوپه‌یمانانى".

خاشقچی بە نوسەرێكی رەخنەگری دەسەڵاتی شانشینی سعودیە ناسراوە و پاش ئەوەی ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ سەردانی كونسوڵخانەی سعودیەی كرد لە ئیستەنبوڵ، چارەنووسی بە نادیاری مایەوە.

شەوی 19-10-2018، حكومەتی سعودیە لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند، جەمال خاشقچی لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و پشێوی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە، بەڵام هیچ زانیاریەكیان لەبارەی بكوژانی خاشقچی و شوێنی تەرمەكەی ئاشكرانەكرد.

دوای ئەوەی بە فەرمی راگەیەندرا کە جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ کوژراوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا سزای بەسەر 17 تۆمەتباری کوشتنی خاشقچیدا سەپاند و دەستیگرت بەسەر سەرجەم پارە و خاوەندارێتیەکانیان لە ئەمەریکا.

پێشتر ماڵپەڕی سی ئێن ئێن تورک بڵاویکردبووەوە، لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، ساڵی ٢٠١٦ جەمال خاشقچی ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی دۆناڵ ترەمپ گرتووە، ئەوەش دەسەڵاتدارانی سعودیەی توڕەکردووە و بڕیاریانداوە خاشقچی دەستگیربکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، جەمال خاشقچی لەترسی دەستگیرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە، هەڵهاتووە بۆ ئەمەریکا و داوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە کردووە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە دەسەڵاتدارانی سعودیە جەمال خاشقچیان لە ڕۆژنامەی ئەلحەیات دوورخستۆتەوە و ڕێگریان لێکردووە کۆڕ و سیمینار ئەنجام بدات و لە بەرنامە تەلەڤزیۆنەکەدا دەربکەوێت.

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #سعودیە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP