ئاسایشى سلێمانى: شكستمان به‌پیلانێکی كوشتن هێنا

- 11/28/2018 6:05:00 PM 67950 جار خوێندراوەتەوە
ئاسایش؛ وێنەی سێ تۆمەتبارەکە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى سلێمانى له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، ده‌رباره‌ى شكست هێنان به‌ پیلانێكى كوشتن له‌ نزیك گه‌ڕه‌كى ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ى شارى سلێمانى  بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌راوه‌كه‌ى ئاسایشدا هاتووه‌"دواى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى وورد  له‌سه‌ر باندێك كه‌ پێك هاتبوون له‌ سێ تۆمه‌تبار به‌ناوه‌كانى (ك,م,ر ) له‌دایكبووى ساڵى ( 1988 ) سلێمانى پیشه‌ى كاسب وه‌ ( ه , ج , أ ) له‌دایكبوى ساڵى ( 1993 ) سلێمانى  پیشه‌ى كاسب وه‌ ( ڕ , ك , ع ) له‌دایكبوى ساڵى ( 2002 ) سلێمانى پیشه‌ى كاسب "ه‌.

 ئاسایش ده‌ڵێت"ئه‌م تۆمه‌تبارانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ ڕاسپێردرابوون بۆ كوشتنى  هاوڵاتى ( ت , ع , ك ) كه‌ سه‌رمایه‌دارێكى خه‌ڵكى سلێمانیه‌، له‌ سه‌ر كێشه‌یه‌كى نێوانیان ، پاش ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ ڕێژى ده‌كه‌ن كه‌له‌شه‌وى ( 26 له‌سه‌ر 27 ى مانگى 11/2018  ) له‌نزیك گه‌ڕه‌كى ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ شارى سلێمانى دووكه‌س له‌ تۆمه‌تباره‌كان به‌سوارى ماتۆڕ ته‌قه‌ له‌ هاوڵاتی ( ت , ع , ك)  له‌كاتێكدا له‌ماڵ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن و پاشان به‌ ئۆتۆمبیلى جۆرى تۆیۆتا هه‌ڵبێن".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى سلێمانى ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو" هێزه‌كانى ئاسایش كه‌ پێشتر زانیاریان هه‌بوو وه‌ پلانێكى ووردیا داڕشتبوو و چاودێریان كردوون , پێش ئه‌نجامدانى تاوانه‌كه‌ توانیویانه‌ ده‌ستگیریان بكه‌ن و شكست به‌ پیلانه‌كه‌یان بهێنن ، هاوكات  ده‌ست بگرن به‌سه‌ر ( یه‌ك ئۆتۆمبیلى جۆرى تۆیۆتا ده‌بڵ و یه‌ك ماتۆڕو یه‌ك ده‌مانچه‌و سێ شانه‌وه‌ سی و حه‌وت فیشه‌كى ده‌مانچه‌ ) "

ئاسایش ده‌شڵێت" تۆمه‌تباران به‌ فه‌رمانى دادوه‌ر و به‌پێی مادده‌ى ( 56 ) له‌یاساى سزادانى عێراقى زیندانى كران و به‌فه‌رمانى دادوه‌ر ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى سلێمانى دەكرێن".

 

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP