یەکەم کاردانەوەی حکومەتی تورکیا لەبارەی بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش

- 11/20/2018 2:00:00 PM 23071 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

وەزیری دادی تورکیا لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، بڕیاری ئازادکردن یاخود مانەوەی دەمیرتاش لە زیندان لەلایەن دادگاکانی تورکیاوە دەدرێت.

عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی تورکیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "چاوەڕێین بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بگاتە دەستمان، ئەو کات دادگای تورکیا بڕیاری پێویست لەبارەی دۆسیەکەوە دەدات".

لەلایەکی دیکەوە مەحسونی کاهرەمان، پارێزەری دەمیرتاش ئاشکرایکرد، "دوای بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، مانەوەی دەمیرتاش لە زیندان بۆ هەر کاتژمێرێک پێشێلکردنی مافی ئازادی ئەوە، ئەمڕۆ دەستبەجێ داوای ئازادکردنی دەمیرتاش پێشکەشی دادگا دەکەین".

ئەمڕۆ سێ شەممە، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕایگەیاند، "مانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و داگایی نەکردنی نایاساییە و پێویستە ئازادبکرێت".

هەروەها دادگاکە داواشی کردووە بەزوترین کات سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت و مافی خۆکاندیدکردنی هەبێت بۆ هەڵبژاردنەکان.

هاوکات پارتی دیموکراتی گەلان پێشوازی لە بڕیاری دادگاکە کرد بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و داوای کرد حکومەتی تورکیا بڕیارەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP