نێچیرڤان بارزانی: حکومەتی هەرێم ئامادەیە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارسەربکات

- 11/19/2018 10:00:00 PM 3655 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی كەركوك لەڕێی بۆری كوردستان، هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە مەراسیمی دەیەمین ساڵیادی كاركردنی كۆمپانیای دانەغاز لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم ئامادەیە سەرجەم کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات بە پێی دەستوور".

وتیشی، "دوای١٠ ساڵ لە بەرهەمهێنانی غاز لەهەرێم لەلایەن كۆمپانیای دانە غازەوە، سەرەڕای ئاستەنگەكان، ئامانجە ستراتیجییەكانی حكومەتی هەرێم لەبواری وزە، وردە وردە دێتەدی و هەرێمی كوردستانیش بەردەوامە لە سیاسەتی نەوت و گازی تایبەت بە خۆی و جەختیشیكردەوە كە لە رابردوودا بەكارهێنانی هێز لە سوودی هیچ لایەك نەبووە، بەڵكو لێكتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ بۆ هەموو لایەك بەسوودە".

ئاماژەی بەوەشدا،" وەزارەتی کارەبا سوودمەندی سەرەکی بەرهەمهێنانی غازە، بەو هۆیەشەوە پێشبینیدەكرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ٣٠٠ مێگاواتی دیکە کارەبا زیادببێت، بەوەش پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە هاوڵاتیان بە سێ قۆناغ زیاد دەکات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP