کۆمسیۆنی هەرێم لەسەر دواکەوتنی دابەشکردنی پارەی کارمەندان روونکردنەوە دەدات

- 11/19/2018 7:23:00 PM 12407 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوبەری گشتی دارایی لەکۆمسیۆنى سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم رایگەیاند، وردبینیکردنی ناوی کارمەندانی کۆمسیۆن بۆ خەرجکردنی پارەکانیان لە قۆناغی کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی ناوەکان پارەکە دابەشدەکرێت.

زەردەشت مەلا حەسەن، بەخەندان-ی راگەیاند، وردبینی ناوەکانی هەرسێ پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە و هەولێر تەواو بووە، تەنها پارێزگای دهۆک ماوە، لە رۆژی چوارشەممەوە لیژنەکانی کۆمسیۆن سەردانی دهۆک دەکەن بۆ وردبینیکردنی ناوی کارمەندانی کۆمسیۆن.

بەڕێوبەری گشتی دارایی لەکۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم دەشڵێت، وردبینیکردنەکە بۆیە زۆری خایاند ئەوان دەیانەوێت مافی هیچ کارمەندێکی کۆمسیۆن نەفەوتێت و دوای تەواوبوونی وردبینییەکەش ناوەکان ئاراستەی ئەنجومەنی کۆمسیاران دەکرێت و دوای بڕیاری ئەوان پاداشتی کارمەندانی کۆمسیۆن خەرجدەکرێت.

رۆژی ٣٠ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو کۆمسیۆنیش ٤٢ هەزار کارمەندی بەشێوەی گرێبەست بۆ ئەو رۆژە دامەزراند.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP