ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان و حکومەت لەسەر بوودجە

- 11/19/2018 6:57:00 PM 10405 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان و حکومەتدا لەسەر بودجە هیچ بڕیارێکی کۆنکرێتی نەدرا، تەنها کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بوو.

شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، سەرجەم پەرلەمانتاران تێبینییەکانی خۆیان لە سەر پرۆژە یاسای بوودجە خستەڕوو، لیژنەکەی حکومەتیش بەڵێنی ئەوەیاندا بۆ رۆژی دووشەمەی داهاتوو پرۆژە یاسای بوودجە دابڕێژنەوە و هەوڵ دەدەن سەرجەم ئەو تێبینیانە بخرێتە پرۆژەکەوە بە جۆرێک کە بگونجێت لە گەڵ داهاتی عێراقدا.

وتیشی، "پەرلەمانتارە کوردەکانیش داوایانکردووە پشکی کورد بکرێتەوە بە لەسەدا ١٧، تا سەرژمێری لە عێراقدا دەکرێت، یاخود ئەگەر ئەوەش نەکرێت، داوامانکردووە لەو سێکتەرانەی کە دەتوانرێت بوودجەی هەرێم زیادبکرێت  دەبێت زیاد بکرێت، تا پێداویستییەکانی کورد پڕبکرێتەوە".

لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا پرۆژە یاسای بوودجەی ٢٠١٩ رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا بۆ پەسەندکردنی، کە پێشتر حکومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئامادەیکردبوو.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP