تۆمارە دەنگیەکان چۆنێتی کوشتنی خاشقچیان ئاشکراکرد

- 11/19/2018 10:46:00 AM 72702 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

ڕۆژنامەنوسێکی نزیک لە حکومەتی تورکیا لە وتارێکدا دەقی وتەی چەند تۆمارێکی دەنگی ئاشکراکرد کە چۆنێتی کوشتنی جەمال خاشقچی دەخاتەڕوو.

عەبدولقادر سێلڤی، ڕۆژنامەنوسی نزیک لە حکومەتی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕۆژنامەی حوڕیەت بڵاوکراوەتەوە، دەقی وتەی چەند تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت خاشقچی لەناو ژووری کونسوڵی سعودیە لە ئیستەنبوڵ خنکێنراوە.

سێلڤی نوسیویەتی، "خاشقچی کە چووەتە ناو کونسوڵخانەی سعودیە، ڕاستەوخۆ براوەتە ژووری محەمەد ئەلعوتەیبی، کونسوڵی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، کە لە سەردانی پێشوتریشدا لە هەمان شوێن پێشوزای لێکراوە".

بەپێی تۆمارە دەنگیەکان، یەکێک لە تیمە ١٠ کەسیەکە هاوار بەسەر خاشقچیدا دەکات و دەڵێت، "نامەیەک بۆ کوڕەکەت بنێرە، ئەگەرنا دەتگەڕێنینەوە بۆ سعودیە"، بەڵام خاشقچی ڕەتیدەکاتەوە.

دواتر بەگوێرەی تۆمارەکان، یەکێک لە تیمەکە کیسەیەک دەکات بەسەر خاشقچیدا و ئەویش هاوار دەکات کە کیسەکە لابەرن لەسەری، پاش ٧ خولەک دەنگی نامێنێ و دەخنکێت.

تۆمارەکان ئەوە دەردەخەن کە پسپۆڕەکەی بواری پزیشکی دادی داوا دەکات جەستەی خاشقچی بکرێت بە ١٥ پارچەوە و بکرێتە چەند کیسەیەکەوە.

هاوکات یەکێک لە تۆمارە دەنگیەکان دەریدەخات کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکەی کردووە و تێیدا یەکێک لە کارمەندانی کونسوڵخانەکە بە تیمەکە دەڵێت، "تەلەفۆن بۆ بەرپرسەکەتان بکەن، پیاوەکان کارەکەیان تەواو کرد".


جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی واشنتنپۆست-ی ئەمەریکی بە نوسەرێكی رەخنەگری دەسەڵاتی شانشینی سعودیە ناسراوبوو، پاش ئەوەی ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ سەردانی كونسوڵخانەی سعودیەی كرد لە ئیستەنبوڵ، چارەنووسی بە نادیاری مایەوە.

هەفتەی ڕابردوو داوکاری گشتی سعودیە لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند، جەمال خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژراوە و دواتر جەستەکەی پارچە پارچەکراوە و  ڕادەستی "هاوکارێک" کراوە بۆ شاردنەوەی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP