نەتەوە یەكگرتووەكان: لە نزیكەوە چاودێری دۆسیەی خاشقچی دەكەین

- 11/8/2018 11:50:00 PM 2103 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرحان حەق، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، چاودێری پێشهاتەكانی لێكۆڵینەوەی كوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی دەكەن و ھەڵسەنگاندن بۆ ھەنگاوەكانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەم بارەیەوە دەكات.

فەرحان حەق، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆی لەبارەی پرسیارێكی پەیوەندیدار بە لێكۆڵینەوەكانی كوشتنی خاشقچی رایگەیاند، "لە نزیكەوە چاودێری پێشھاتەكان لەمبارەیەوە دەكەین".

ئاماژەی بەوەشكرد، لە دوای كۆتاییھاتنی لێكۆڵینەوەكان، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكرێن.

وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان راشیگەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتەرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، بانگھێشتی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و خێرای كردووە.

خاشقچی بە نوسەرێكی رەخنەگری دەسەڵاتی شانشینی سعودیە ناسراوە و پاش ئەوەی ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ سەردانی كونسوڵخانەی سعودیەی كرد لە ئیستەنبوڵ، چارەنووسی بە نادیاری مایەوە.

شەوی 19-10-2018، حكومەتی سعودیە لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند، جەمال خاشقچی لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و پشێوی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە، بەڵام هیچ زانیاریەكیان لەبارەی بكوژانی خاشقچی و شوێنی تەرمەكەی ئاشكرانەكرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP