سەرۆك كۆماری عێراق بایەخی بوژاندنەوەی رۆڵ و پێگەی ژنان دووپاتدەكاتە

- 11/8/2018 8:23:00 PM 2734 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ‏‎ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە شاندێكی تۆڕی ژنانی عێراق، سەرۆك كۆماری عێراق بایەخی بوژاندنەوەی رۆڵ و پێگەی ژنانی دووپاتكردەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ پێشوازیكرد لە شاندێكی تۆڕی ژنانی عێراق و ‏‎لە دیدارەكەدا ئەو ئاڵنگارییانە تاوتوێكرا كە روبەڕووی ژنان دەبنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی، بۆ ئەو مەبەستەش باس لە پێویستی دانانی بەرنامە و پرۆژەی پاراستنی ژنان كرا كە لە رێی دانانی یاسای گونجاو دێنەدی كە دژی توندوتیژیی خێزانین، هاوكات لە رێی هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەوە دەستەبەر دەبن كە جیاوازییان بۆ پێگەی ژنان دروست كردووە.

‏‎ئاماژە بەوەشكراوە، لەو بارەیەوە سەرۆك كۆمار پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ هەر پرۆژە یاسایەك كە دەبێتە پاڵپشت بۆ پێگەی ژنان لە ناو كۆمەڵگەدا و بەگژداچونەوەی توندوتیژی خێزانی، هەروەها ئاماژەیكرد بۆ بایەخی هاوبەشیكردن لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیدا و خۆشكردنی زەمینەیەكی لە بار بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و پۆزەتیڤ.

سەرۆك بەرهەم ساڵح جەختی لە كاركردن لە پێناو جێبەجێكردنی ستراتیژی پلانە نیشتمانییەكان كردەوە، كە پەیوەستە بە بوژاندنەوەی رۆڵ و پێگەی ژنانی عێراق و چالاككردنی میكانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێكردن و بەدیهێنانی ئامانجەكان.

‏‎لای خۆیانەوە سەرۆك و ئەندامانی شاندی تۆڕی ژنانی عێراق سوپاسی سەرۆك كۆماریان كرد بۆ رەخساندنی دیدارەكە، كە بە دیدارێكی گرنگ و ئیجابی هەڵیانسەنگاند، داوای سەركەوتنیان بۆ سەرۆك بەرهەم ساڵح كرد لەو هەوڵانەی دەیگرێتەبەر بۆ پشتگیریكردنی ئازادییە مەدەنییەكان و بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و چەسپاندنی ئاڕاستە و روانینی دیموكراسیانەی سەربەست لە عێراقی نوێدا.

نیشانەکردن :

#د.به‌رهه‌م ساڵح

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP