هەرئێستا

ئەمەریكا رێگا بە عێراق دەدات بەردەوام بێت لە كڕینی كارەبا لە ئێران

- 11/8/2018 6:47:00 PM 1798 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

برایان هوك، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی رێگا بە حكومەتی عێراق دەدات بەردەوام بێت لە كڕینی كارەبا لە ئێران، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی عێراق لە لیستی ئەو هەشت وڵاتەدا نییە كە بەخشراون لە سزاكان.

برایان هوك، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ پرسی ئێران رایگەیاند، رێگەیان بە عێراق داوە پارەی ئەو كارەبایە بدات كە لە ئێرانی دەكڕێت.

هاوكات سەرچاوەیەكی عێراقی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی راگەیاندووە، ئەمەریكا ڕێگەی بە عێراق داوە كارەبا لە ئێران بكرێت لە بەرامبەر كۆمەڵێك بەڵێن كە دەبێت لە كاتی دیاریكراوی خۆیاندا جێبەجێ بكرێن، لەوانە عێراق پـلانێك ئامادەبكات بۆ چۆنیەتی دەستبەرداربوونی لە گاز و نەوتی ئێرانی، ئەمەش پـڕۆسەیەكە ڕەنگە چوار ساڵی پـێبچێت، تا ئەو كاتەی عێراق خۆی بتوانێت بەخۆی دابینیبكات یان سەرچاوەیەكی دیكە بدۆزێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمەریكا ماوەی 45 ڕۆژی بە عێراق داوە پـلانەكەی بۆ ئەم مەبەستە پـێشكەش بكات.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو رێككەوتنە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان كاربەدەستانی عێراقی لەگەڵ كاربەدەستانی كۆشكی سپی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا پـێی گەیشتوون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP