دواین زانیاری لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی خاشقچی

- 11/8/2018 4:29:00 PM 19403 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

بەپێی دواین زانیاری میدیاکان لەبارەی دۆسیەی خاشقچی، تەرمی ئەو ڕۆژنامەنوسە سعودیە لەڕێی ماددەی هایدرۆفلۆریک ئەسیدەوە توێنراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، ئاسەواری بەکارهێنانی ماددەی هایدرۆفلۆریک ئەسید، کە ماددەیەکی بەهێزە لە تواندنەوەی ماددە ڕەقەکان، لەناو بیری ماڵی محەمەد ئەلعوتەیبی، کونسوڵی سعودیە دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە لیژنەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکە بە کەناڵەکەی راگەیاندووە، تەرمی خاشقچی لەدوای کوشتنی لە یەکێک لە ژوورەکانی ماڵی محەمەد ئەلعوتەیبی بەو ماددەیە توێنراوەتەوە و پاشماوەکەی فڕێدراوەتە ناو بیرەکەوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەلجەزیرە، ئەو تیمە پازدە کەسیەی لە سعودیەوە چوونەتە ئیستەنبوڵ، بۆ شاردنەوەی دۆسیەکە سیستەمی کامێرای چاودێری کونسوڵخانەکەیان تێکشکاندووە.

هاوکات ئەوەش خراوەتەروو، لە دیداری شا سەلمان و کوڕەکانی خاشقچی، شای سعودیە بە کوڕەکانی خاشقچی وتووە کە ئامادەن پارەی خوێنی جەمال خاشقچی بدەن پێیان بۆ ئەوەی دۆسیەکە دابخرێت.

خاشقچی بە نوسەرێكی رەخنەگری دەسەڵاتی شانشینی سعودیە ناسراوە و پاش ئەوەی ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ سەردانی كونسوڵخانەی سعودیەی كرد لە ئیستەنبوڵ، چارەنووسی بە نادیاری مایەوە.

شەوی 19-10-2018، حكومەتی سعودیە لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند، جەمال خاشقچی لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و پشێوی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە، بەڵام هیچ زانیاریەكیان لەبارەی بكوژانی خاشقچی و شوێنی تەرمەكەی ئاشكرانەكرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP