پۆلیسی سلێمانی دانپێدانانی تۆمەتبارێك بڵاودەكاتەوە كە بڕی 20 دەفتەر دۆلاری دزیوە

- 11/8/2018 3:18:00 PM 11184 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بڕی 200 هەزار دۆلاری لە کارگەیەک دزیوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی راگەیاندن‌ و پەیوەندییەكان بڵاویکردووەتەوە، دوای تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن كارگەیەكی دروستكردنی بۆری پلاستیك بەهۆی دزینی پارەی كارگەكەوە، هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستیان بەلێكۆڵینەوەی وردكرد و لەكاتی لێدانەوەی كامێرای چاودێری كارگەكەدا دەركەوت كە كارمەندێكی كارگەكە بەو تاوانە هەستاوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەدانپێدانەكانیدا تۆمەتبارەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەساڵی 2014 وە بە بەردەوامی پارەی لەكارگەكە بردووە كە بەكۆی گشتی دەكاتە 200 هەزار دۆلار واتا 20 دەفتەر دۆلار.

پۆلیس دەشڵێت، لەئێستادا تۆمەتبار بەپێی مادەی 446 لەیاسای سزادانی عێراقی زیندانیکراوە و لێكۆڵینەوەكانیش لە رووداوەکە بەردەوامن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP