بەریتانیا پلان دادەنێت تەمەنی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی 5 ساڵ درێژتربکات

- 11/7/2018 1:08:00 PM 5907 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

دامەزراوەی تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی بەریتانیا پلانێکی دامەزراوەکەی ڕاگەیاند کە یارمەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەدات گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن بەجۆرێک 5 ساڵ زیاتر بژین.

دروشمی سەرەکی پلانەکەی بەریتانیا بریتیە لەوەی "خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن" و هانی هاوڵاتیان دەدەن خۆیان بپارێزن لە کێشانی جگەرە و خواردنەوەی کحول و خواردنی چەوری و شەکر.

مات هانکۆک، سکرتێری دامەزراوەکە بە CNNی وتووە، "خاڵی گرنگی پلانەکەمان خۆپاراستنە، بەو ئامانجەی خەڵک بتوانن گرنگی بە پاراستنی تەندروستی خۆیان بدەن و خۆیان لە خواردن و خواردەمەنیە زیانبەخشەکان بپارێزن".

بەپێی ئامارەکان لەئێستادا حکومەتی بەریتانیا ١٢٦ ملیار دۆلار بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی خەرج دەکات و لەو بڕەش تەنها ٨ ملیار بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان دابین کراوە.

هانکوک ئاماژەی بەوەکردووە، "ئامانجی پلانەکەی ئێمە ئەوەیە بڕی بودجەی خۆپاراستن زیادبکرێت و بەشێوەیەکی خۆکاریش بودجەی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان کەمدەبێتەوە".

ڕاشیگەیاندووە، پلانەکەی حکومەتی بەریتانیا خۆی دەبینێتەوە لە هاوکاریکردنی دەرونی ژنانی دوگیان، کەمکردنەوەی ڕێژەی قەڵەوی لەناو منداڵان، گۆڕینی پێکهاتەی شوێنی ژیان و نیشتەجێبوون، کەمکردنەوەی ڕێژەی تەنیایی و دوورەپەرێزی، کەمکردنەوەی خواردنەوەی کحول و کێشانی جگەرە لەنێو گەنجان.

پلانەکەی حکومەتی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢١ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ساڵی ٢٠٢٥ میکانیزمەکانی خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە نەخۆشیەکان جێبەجێدەکرێت.









Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP