پەرلەمانتاران بە مافی خۆیانی دەزانن
پێدانی 49 ملیۆن دینار بە پەرلەمانتاران کاردانەوەی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە

- 11/2/2018 2:31:00 PM 14046 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-خۆزگە عەزیز

لەگەڵ كۆتایی هاتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان هەر پەرلەمانتارێك لەگەڵ خانەنشین بوونیدا بڕی 49 ملیۆن دینار وەك پاداشت لە بەرامبەر كارەكانی وەردەگرێت، بەشێك لە هاوڵاتیانیش ناڕەزایی خۆیان لەوبارەیەوە دەردەبڕن. 

31ی مانگی ئۆكتۆبەر خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ماڵئاوایی خۆی ئەنجامدا و بەپێی یاساش هەر پەرلەمانتارێكی ئەو خولە لە دوای خانەنشین بوونی 49 ملیۆن دینار وەردەگرێت، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە هاوڵاتیانی لێكەوتووەتەوە، بەڵام پەرلەمانتاران بەمافی خۆیانی دەزانن.

هاژە سالار، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، "پێدانی 49 ملیۆن ئاسانە لەم قەیرانەدا، لەوەش ئاسانتر پاشەكەوتكردنی مووچەكانە، چونكە هی فەقیرانە".

هەروەها كەنار عەزیز هاوڵاتییەكی دیكەی شاری سلێمانی لەبارەی پێدانی 49 ملیۆن دینار بە پەرلەمانتاران وتی، "بۆ ئەوان ئیشێكی باشیان كردووە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە ماڵەوە دانیشتوون، هیچ ناكەن تەنها خەریكی پارە خواردنن، پەرلەمان بووەتەوە شوێنی دەوڵەمەندكردنی چەند كەسێك نەك داكۆكی و بەرگریكردن لە مافی خەڵك و خۆ ئەوان هەر لەماڵەوە بوون چیانكردووە".

لە بەرامبەردا پەرلەمانتاران بە مافی یاسایی خۆیانی دەزانن و دەڵێن، وەك هەر فەرمانبەرێكی ئاسایی كە چۆن خانەنشین دەبن، پەرلەمانتارانیش مافی خۆیانە ئەو بڕە پارەیە وەربگرن.

هەروەها دوێنێ پێنجشەممە، ژمارەیەك چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان لە سلێمانی ئەنجامدا دژی پێدانی 49 ملیۆن دینار بە پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەڕلەمانی كوردستان، لەگەڵ خانەنشینبوونیان.

ئەو چالاكوانانە رایانگەیاند، پەرلەمانتاران لە ئاستی ئەو چاوەڕوانی بەڵێنانەدا نەبوون كە دایان بە خەڵكی و لە خولی چوارەم شتگەلێكی وا نەكراوە كە ئومێد بەخش بن.

لە ماوەی چوار خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا تەنها عەبدوڵای مەلا نوری، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمان لە لیستی گۆڕان ئەو 49 ملیۆن دینارەی رەتكردووەتەوە و بەخشییە نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەركردنی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە.

بەهار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان هەمووی بەسەریەوەكەوە ساڵێك مووچەیان وەرنەگرت، چونكە مووچەكەیان بووەتە چارەكە مووچە.

پسپۆڕێكی بواری كارگێڕی و ئابوری لەبارەی پێدانی 49 ملیۆن دینار بە پەرلەمانتاران دەڵێت، جگە لە پەرلەمانتاران سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمیش ئەو پارەیەیان وەرگرتووە، بەڵام ئەوان دیارنییە و كەس لەسەر ئەوان قسە ناكات.

كاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی بواری كارگێڕی و ئابوری بە خەندان-ی راگەیاند، ئەوان مافی خۆیانە وەریبگرن و بۆخۆیان خەرجیبكەن، ئەو پەرلەمانتارانە وەك هەڵوێستێكی جوامێرانەی خۆیان دەتوانن پارەكە وەربگرن، بەڵام لە پرۆژەیەكی خێرخوازیدا یاخود تەندروستی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان خەرجیبكەن خزمەت بە هاوڵاتیان بگەیەنن.خەندان-



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP