بەپەلە

ئەنجومەنی پارێزگا: بە دروستکردنی بەنزینخانەی سەرچنار نیوەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی ژەهراوی دەبێت

- 11/1/2018 12:57:00 PM 7045 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، حکومەت هەڵەیکردووە لە پێدانی مۆڵەت بە خاوەنی پرۆژەی دروستکردنی بەنزینخانەی سەرچنار و دەبێت پڕۆژەکە هەڵبوەشێتەوە، چونکە بە دروستکردنی نیوەی ئاوی سلێمانی ژەهراوی دەبێت.

رێکەوت زەکی جێگری لیژنەی سوتەمەنی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ مەهدی مەحمود سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند، حکومەت هەڵەی کردووە لە پێدانی مۆڵەت بە خاوەنی پرۆژەی دروستکردنی بەنزینخانەکە و لەو هەڵەیەش گەورەتر بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی لە پێدانی مۆڵەت بە بەنزینخانەکە ئاگادارنەکرابووە و کە ئەوان بەرپرسیاری سەرەکین لەو بابەتەدا.

دەشڵێت، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی ئاگادارکرانەوە لێکۆڵینەوەیانکردو راپۆرتێکیان ئامادەکرد و رایانگەیاند، ئەم ناوچەیە زۆر زۆر هەستیارە بۆ پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی لە هەموو شوێنێی دیکە و هیچ چارەسەرێکی گونجاو نییە، بۆیە دەبێت رێگە نەدرێت بە دروستکردنی. 

زەکی وتیشی، "ئەوە هەڵەیەکی کوشندیە پاێزگاری سلێمانی چۆن دووبارە مۆڵەتی دروستکردنی داوەتەوە بە خاوەنەکەی، بەڵام داواکاری گشتی لەسەرەتای کارەکەوە دەڵێن دەبێت بە هەموو شیوەیەک ئەو پرۆژەیە رابگیرێت و ئەگەر موڵکی ئەو کەسەش بێت دەکرێت لە مەجالێکدا وەبەرهێانی تێدا بکات یاخود قەرەبووی مادی ومەعنەوی بکرێتەوە".

مەهدی مەحمود، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش لە کۆنگرەکەدا وتی،"خۆمان بەدەستی خۆمان ئاوی خواردنەوەکەمان ژەهراوی دەکەین، ئەو بەنزینخانەیە تەنها بلۆکێک لە ماڵەکانەوە دوورە و چۆن حکومەت رێگای پێداوە ئەو شوێنە بۆ پرۆژەیەکی گەشتیاری دەبێت". 

سکرتێری ئەنجومەنەکە وتیشی، حکومەت هەڵەی کردووە لە پێدانی مۆڵەت بە خاوەنی پڕۆژەکە و دەبێت بەهەموو شێوەیەک رێگە لە دروستکردنی ئەو بەنزینخانەیە بگیرێت و ژیانی هەزاران هاوڵاتی نەکەوێتە مەترسییەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP