دوایین زانیاری لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی جەمال خاشقچی

- 10/25/2018 12:59:00 PM 46690 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ بەردەوامیان هەیە و پۆلیسی تورکیا چەند سەرەداوێکی نوێیان دەستکەوتووە لەبارەی شوینی تەرمەکە.

دوای ئەوەی پۆلیسی تورکیا سەرکەوتوو نەبوون لە دۆزینەوەی تەرمی خاشقچی لە دارستنی بەلگراد لە شارۆچکەی یالۆڤا و گەراجی سوڵتان غازی لە ئیستەنبوڵ، لە ئێستادا هەموو چاوەکان لەسەر باخچەی کونسوڵخانەی سعودیە و ئەو بیرەن کە گومان دەکرێت تەرمی خاشقچی تێدابێت.

گومانەکان لەسەر بوونی تەرمی خاشقچی لەناو بیرەکەدا ڕووی لە زیادبوون کرد کە بەرپرسانی سعودیە ڕێگەیان نەدا پشکنین بۆ بیرەکە بکرێت کە لەناو باخچەی کونسوڵخانەکەدایە.



ئۆتۆمبیلە ڕەشەکە لە دارستانی بەلگراد

لە دواین پێشهاتی دۆسیەی کوشتنی خاشقچی، ئەمڕۆ پێنج شەممە، میدیاکانی تورکیا وێنەی ئۆتۆمبیلە ڕەشەکەیان بڵاوکردەوە کە ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژێک پێش کوشتنی خاشقچی، چووەتە دارستانی بەلگراد لە شارۆچکەی یالۆڤا.

وێنەکان لە کامێرای چاودێری دەروازەی دارستانەکە وەرگیراون و بەپێی زانیاریەکان چەند کەسێک لە ئەنجامدەرانی پیلانی کوشتنی خاشقچی گەڕاون بەناو دارساتنەکەدا بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو بۆ شاردنەوەی تەرمی خاشقچی.

پۆلیسی تورکیا تۆماری ڤیدیۆیی ١٢٧ کامێرای چاودێری لە چەند جێگەیەکی جیاواز وەرگرتووە و لیژنەیەکی پسپۆڕ لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەسەر ٢٠٠٠ کاتژمێر تۆماری ڤیدیۆیی دەکەن کە پەیوەستە بە دۆسیەی کوشتنی خاشقچی.



تەرمی خاشقچی لەڕێی ماددەی کیمیاویەوە سوتێنراوە

دواین زانیاریەکان لەبارەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی تورکیا ئاشکرایانکرد، تەرمی خاشقچی لەلایەن تیمە ١٥ کەسیەکەوە پارچە پارچە کراوە و پاشان لەڕێی ماددەی کیمیاوی و تێزابەوە تەرمەکەی سوتێنراوە.

هەر بەپێی زانیاریەکانی پۆلیس، ئاسەواری تەرمەکەی خاشقچی فڕێدراوەتە ناو ئەو بیرەی لەناو باخچەی کونسوڵخانەکەدایە و بۆ ئەمەش چەند بەڵگەیەکیان دەستکەوتووە.

پۆلیسی تورکیا لەناو ئەو گەراجەی ئۆتۆمبیلە ڕەشەکەی لێ پارک کراوە، چەند ماسک و ڕووپۆشێکیان دۆزیەوەتەوە کە تایبەتن بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیاوی کاریگەر، ئەمەش سەرەداوێکی گرنگی بۆ لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەرخستووە.



بۆچی پسپۆڕی بواری پزیشکی دادوەری لە تیمە ١٥ کەسیەکەدا بووە؟

بەگوێرەی زانستی پزیشکی، تەواوی جەستەی مرۆڤ جگە لە ددان و قژ، لە ڕێی ماددەی کیمیاوی ئەسید (تێزاب)ەوە لە ماوەی ٣٨ خولەکدا شی دەبێتەوە و ئاسەواری نامێنێت.

سوتاندنی تەرمی مردوو لە ڕێی ماددەی کیمیاویەوە لە شارەکانی مەککە و مەدینە دیاردەیەکی بەربڵاوە بەهۆی کەڵەکەبوونی ژمارەیەکی زۆر تەرمی مردوو لە گۆڕستانەکانی ئەو دوو شارە.

زانیاریەکان ئەوە دەخەنە ڕوو بوونی پسپۆڕێکی بواری پزیشکی دادوەری بە ناوی محەمەد ئەلتوبەیغی لەو تیمە ١٥ کەسیەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی خاشقچیان ئەنجامداوە بۆ ئەوە بووە کە ئاسەواری تەرمی خاشقچی لەڕێی ماددەی کیمیاوە نەهێڵێت و ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کۆتایی پێبهێنن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP