چاره‌سه‌رى له‌ هندستانه‌و باوكى ده‌ڵێت ناتوانن بیبه‌ن
نه‌خۆشى پوله‌كه‌ى ماسى شاتوو و خێزانه‌كه‌ى هه‌راسان كردووه‌

- 10/24/2018 1:27:00 PM 129191 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆزگە عەزیز

شاتوو جەزا کچێکی تەمەن ١٢ساڵە بەدەست نەخۆشییەکی دەگمەنەوە دەناڵێنێت کە لە کوردستان چارەسەری نییە باوکیشی دەڵێت، پزیشکەکان پێیان وتوو لە هندستان چارەسەری هەیە پاره‌ى ئه‌وه‌شیان نییه‌ شاتو به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات بۆ چاره‌سه‌ر.

جەزا رەزا باوکی شاتوو، بۆ خەندان قسەیکردوو وتی، کچەکەم هەر لە کاتی لە دایکبوونییەوە ئەو نەخۆشییەی هەیە کە پێی دەوترێت"پولەکەی ماسی یان سەدەف"، رۆژانەش پێویستی بە کرێمێک هەیە بۆ چەورکردنی جەستەی کە بە تەنیا بە ١٧ هەزار دینارە جگە لە دەرمانەکانی دیکە کە ئەوانیش خەرجییەکی زۆری دەوێت.

شاتوو لەکاتی لە دایکبوونیەوە نەخۆشییەکەی لەگەڵ بووە، بەڵام ئێستا باشترە و کەسیش لە ئەندامانی خێزانەکەی لەو نەخۆشییەی نەبووە ئەو ئێستا خوێندکاری دووی بنەڕەتییە، به‌وته‌ى باوكى نەخۆشییەکەی لە سەرەتای چوونە قوتابخانه‌یدا کێشەی بۆ دروستکردبوو.

جەزا وتى"خوێندکاران گاڵتەیان به‌ شاتوو کردووە و وتویانە (ئێمە بێزمان نایە لای تۆوەو دابنیشین) ئەویش کە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە دەیگوت من ناچمەوە بۆ خوێندنگا هاوڕێکانم گاڵتەم پێدەکەن، بۆیە دایکی بەردەوام لەگەڵیدا دەچووە خوێندنگا، بەڵام ئێستا مامۆستاکانی زۆر هاوکاریدەکەن و کێشەکەی کەمتربووەتەوە و خۆشی منداڵێکی زیرەک و پاکوخاوێنە و هیچ کێشەیەکی نییە".

خێزانه‌كه‌ى شاتوو باریی داراییان زۆر باش نییە، جەزا رەزا تەنها تەکسییەکی هەیە، بۆیە ناتوانن بەردەوام بن لە کڕینی ئەو دەرمانانە، پزیشکەکانیش پێیان وتووە لە هیندستان چارەسەری هەیە کە تێچوویەکی زۆری تێدەچێت، ناتوانن خۆیان بیبەنە دەرەوە.

"داوکارم هاوکارمان بن لە دابینکردنی خەرجی نەخۆشییەکەی، چونکە ئەگەر کرێمی بۆ بەکارنەهێندرێت ئەوا جەستەی خوێنی لێدێت، ئازاریشی هەیە"باوکی شاتوو وای وت.

پزیشكێكی پسپۆڕی پێست و جوانكاری لەبارەی نەخۆشی پولەكەی ماسی بۆ خەندان وتی، نەخۆشی پولەكەی ماسی نەخۆشییەكی زیگماكی بۆماوەیی و دەگمەنی پێستە، ناوەكەی بەمانای ماسی دێت بەو سیفەتەی پێستی نەخۆشەكە زۆر زبر دەبێت و كڕێش یان توێژاڵی پوولەكەیی لەسەر پێستیان دروست دەبێت .

دكتۆر شاخەوان محەمەد بەخەندان-ی وت،"نەخۆشی پولەكەی ماسی چەند جۆرێكی هەیە، كە زۆربەیان بۆماوەیین هەندێك جۆریان ڕاستەوخۆ لەكاتی لەدایكبووندا دەرناكەون، بەڵكو دوای چەند ساڵێكی كەم دەردەكەون و لەتەمەنی گەورەیدا دەیپەڕێنێت، یان كەمدەبێتەوە بەتایبەتی لە وەرزە گەرمەكاندا".

دكتۆر شاخەوان ئەوەشی وت،"بەگشتی نەخۆشی پولەكەی ماسی درێژخایەنە و بەردەوام پێویستی بە بەكارهێنانی كرێمی نەرمكردنەوە هەیە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP