سکای نیوز: ئاسەواری تەرمی خاشقچی دۆزرایەوە

- 10/23/2018 5:54:00 PM 142474 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

ئاژانسی سکای نیوز بڵاویکردەوە، چەند ئاسەوارێکی تەرمی خاشقچی لەناو باخچەی ماڵی کونسوڵی گشتی سعودیە لە ئیستەنبوڵ دۆزراوەتەوە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە لێکۆڵینەوەی دۆسیەی خاشقچی بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، تەرمی خاشقچی لەلایەن بکوژانیەوە پارچە پارچە کراوە و دەموچاوی شێوێنراوە بەجۆرێک کە ناناسرێتەوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە چەند پارچەیەکی جەستەی خاشقجی لەناو باخی ماڵی کونسوڵی گشتی سعودیە دۆزراوەتەوە کە ٥٠٠ مەتر لە کونسوڵخانەکەوە دوورە.

بەپێی زانیاریەکان تەرمی خاشقچی کراوەتە ناو بەرگێک و ڕادەستی کەسێکی هاوکاری تیمە سعودیەکە کراوە بە مەبەستی شاردنەوەی.

هەر ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لەبەردەم لایەنگرانی پارتەکەی داوای لە بەرپرسانی سعودیە کرد شوێنی تەرمی جەمال خاشقچی ئاشکرابکەن.

هاوکات میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەئێستادا سەرقاڵی پشکنینن لەناو ئۆتۆمبیلە ڕەشەی کە گومان دەکرێت تەرمی خاشقچی پێ گوازرابێتەوە.

ئۆتۆمبیلە ڕەشەکە تایبەتە بە کاروباری کونسوڵخانەی سعودیە و ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە لە گەراجێکی گەڕەکی سوڵتان غازی ئیستەنبوڵ دۆزرایەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP