لە ناو ئۆتۆمبیلە ڕەشەکەدا بەڵگەی کوشتنی خاشقچی دۆزرایەوە

- 10/20/2018 10:40:00 AM 211917 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە لەناو ئەو ئۆتۆمبیلە ڕەشەی کە تایبەتە بە کاری دیپلۆماسی کونسوڵخانەی سعودیە، بەڵگەی کوشتنی خاشقچی دۆزراوەتەوە.

لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی، نوسەر و رۆژنامەنوسی سعودی بەردەوامیان هەیە و ئەمڕۆ شەممە ماڵپەڕی "خەبەرتورک" زانیاری نوێی لەبارەی دۆسیەکەی خاشقچی بڵاوکردەوە.

بەڵگەی کوشتنی خاشقچی لە ئۆتۆمبیلەکەدا

بەگوێرەی زانیاریەکان، لیژنەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی خاشقچی ماوەی سێ کاتژمێر گەڕان و پشکنینیان کردووە بەناو ئۆتۆمبیلەکەدا و چەند بەڵگەیەکیان لەبارەی کوشتنی خاشقچی دەست کەوتووە.

هاوکات لێکۆڵەرەوەکان نمونەی پشکنینی DNA یان بۆ چەند کەسێکی جیاواز وەرگرتووە کە بەو ئۆتۆمبیلە ڕەشە هاتوچۆیان کردووە.

ئۆتۆمبیلەکە لە جۆری مارسیدزی مینی پاسە و ژمارەکەی 34CC1865 و تایبەتە بە کاری دیپلۆماسی کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ.

پۆلیس بەدوای دوو ئۆتۆمبیلی دیکەدا دەگەڕێت

پۆلیس لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا جەستەی خاشقچی لەلایەن ئۆتۆمبیلە ڕەشەکەوە گوازراوەتەوە یاخود ئۆتۆمبیلی دیکە بەکارهاتووە.

زانیاریەکان باس لەوەش دەکەن جگە لەو ئۆتۆمبیلە ڕەشە، پۆلیس بەدوای دوو ئۆتۆمبیلی دیکەدا دەگەڕێت کە پێدەچێت جەستەی خاشقچیان لەناو کونسوڵخانەکەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستبێتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ڕۆژی دیارنەمانی خاشقچی، دوو ئۆتۆمبیلەکە بەرەو دارستانی بەلگراد چوون لە شاری یاڵۆڤای ڕۆژئاوای تورکیا و پێدەچێت جەستەی خاشقچیان لەوێ شاردبێتەوە.

 لێکۆڵینەوە لە کامێرای چاودێری ناو کونسوڵخانەکە دەکرێت

پۆلیسی تورکیا تا ئێستا هیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی ناو کونسوڵخانەکەیان دەست نەکەوتووە کە لەلایەن کامێرای چاودێری کونسوڵخانەکەوە تۆمارکرابێت.

بەرپرسانی کونسوڵخانەکە لە سەرەتادا ڕایانگەیاند، کامێرای چاودێری باڵەخانەکە لە ڕۆژی دیارنەمانی خاشقچی کاری نەکردووە.

پۆلیسی تورکیا بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەو قسەیە، ئامێری تۆماری سیستەمی کامیرای چاودێری باڵەخانەکەیان خستوەتە ژێر لێکۆڵینەوە و پێدەچێت لەوێوە سەرەدوای گرنگ لەبارەی دۆسیەی خاشقچی بەدەستبهێنن.

 

ماددەی کیمیاوی بۆ سڕینەوەی ئاسەواری خاشقچی بەکارهێنراوە

لەئێستادا دۆسیەی کوژرانی خاشقچی یەکلاییبوەتەوە، پاش ئەوەی شەوی رابردوو بەرپرسانی سعودیە بە فەرمی ڕایانگەیاند، خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژراوە.

ڕۆژنامەی "حوڕیەت" لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاش چوونە ژوورەوەی خاشقچی بۆ نێو کونسوڵخانەکە، ڕاستەوخۆ براوە بۆ لێکۆڵینەوە و دواتر ئەشکەنجە دراوە و کوژراوە.

ماڵپەڕی خەبەر تورک ئەوەشی خستوەتەڕوو، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەریانخستووە کە بەرپرسانی کونسوڵخانەکە دوای کوشتنی خاشقچی ماددەی کیمیاویان بەکارهێناوە بۆ سڕینەوەی ئاسەواری خوێن و DNA بە زەوی و دیواری کونسوڵخانەکەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP