كاردانەوەی میلانیا ترەمپ بەرامبەر گڕگرتنی فڕۆكەكەی چی بوو؟

- 10/19/2018 12:33:00 PM 77740 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆشناو حسێن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ستایشی پشوو درێژی و هێمنی میلانیای هاوسەری دەكات، لە كاتی رووداوێكی ئاگرکەتنەوەدا لە ناو فرۆكەكەیدا.

میدیاكانی ئەمەریكا بڵاویانكردەوە، فرۆكەی میلانیا ترەمپ، خانمی یەكەمی ئەمەریكا رووبەڕووی رووداوێكی ئاگركەوتنەوە بووەتەوە و فڕۆكەوانەكەی ناچار بە نیشتنەوە كردووە لە بنكەی ئەندرۆز لە ویلایەتی ماریلاند، بەڵام "میلانیا زۆر بە هێمنی لە شوێنی خۆی دانیشتووە".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆبوونەوەیەكدا لە شاری مەنهاتن باسی لەو رووداوە كردووە، كە تووشی فڕۆكەكەی خانمی یەكەمی ئەمەریكا بووە و وتوویەتی، "لە ناو فڕۆكەكەدا پەیوەندی بەمنەوە كرا و بە منیان وت، كە ئاگرێك لەو فڕۆكەیەی بەربووە كە میلانیای تێدابووە و بەهۆیەوە فڕۆكەكە بەخێرایی نیشتووەتەوە". 

ترەمپ دەڵێت، "من لە تیمی پاسەوانی میلانیام پرسی كاردانەوەی میلانیا چۆن بوو لەكاتی رووداوەكەدا؟، بە منیان وت، گەورەم لە كاتێكدا كە هەموو سەرنشینانی فڕۆكەكە داوای خاولی تەڕیان دەكرد بۆ دەموچاویان، میلانیا زۆر بە هێمنی دانیشتبوو".

ترەمپ دەشڵێت "میلانیا خانمی یەكەم، جوانە".

پێشتر تۆڕی سی ئێن ئێن –ی ئەمەریكی بڵاویكردبووەوە، كە دوای 10 خولەك لە هەستانی فڕۆكەكەی میلانیا رۆژنامەنووسان دوكەڵیان بینیوە و هەستیان بە بوونی ئاگر كردووە لە ناو فڕۆكەكەدا".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP