راپۆرتێکی گاردیان؛ راسپاردنی عادل عەبدولمەھدی ھۆکاره‌ بۆ چارەسەری پشێوییەکانی عێراق

- 10/16/2018 10:36:00 PM 14550 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

له‌وانه‌یه‌ بوونه‌ سه‌رۆك كۆمارى به‌رهه‌م صاڵح هه‌نگاوێكى یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ سیاسییه‌كى شیعى له‌ چاره‌سه‌ركردنى پشێووییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ ووڵاتدا.

به‌رهه‌م صاڵح، سه‌رۆكى عێراق ، عادل عه‌‌بدول مه‌هدى شیعه‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ى ڕاسپارد بۆ بوونه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و پێكهێنانى حكومه‌ت.

یاسادانه‌ران پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و پشێوییه‌ مه‌ده‌نییه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا به‌ربڵاو و به‌رفراوانه‌ له‌ عێراقدا ، له‌ هه‌موو كون و قوو‌ژبنێكى ووڵاتیشدا هه‌ڵوێسته‌كان هێور ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ببوونه‌ هۆى چه‌قبه‌ستوویى حوكمڕانى له‌ دواى تیپه‌ڕبوونى 5 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقدا.

عه‌بدول مه‌هدى كه‌ له‌ ته‌مه‌مه‌نى 76 ساڵیدایه‌ و پێشتریش وه‌زیرى نه‌وت بووه‌ ‌، ته‌نها 30 ڕۆژى له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى بۆ په‌سه‌ندكردنى له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌. واش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌و‌ قۆرتوقولاپه‌ سیاسییه‌ به‌رده‌وامبن كه‌ له‌ به‌رئه‌نجامى ڕاسپاردنى عه‌بدول مه‌هدییه‌وه‌ هاتونه‌كایه‌وه‌ ، سه‌رۆك وه‌زیرى ڕاسپێردراو له‌ هه‌فته‌ى ئاینده‌ كۆششه‌كانى چڕده‌كاته‌وه‌، و هه‌وڵه‌كانیش گه‌رموگوڕتر ده‌بن ، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سوودمه‌نده‌ ئیقلیمییه‌كان له‌ كێبڕكێدان بۆ سه‌پاندنى هه‌ژموونى خۆیان له‌ ڕێگه‌ى كێبڕكێیه‌كى توند له‌سه‌ر پۆسته‌كان له‌ ناوجه‌رگه‌ى دیمه‌نه‌ سیاسییه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ى ووڵاتدا.

ئیران و ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ هێشتاش ڕۆڵێكى بنچینه‌یى ده‌گێرن له‌ به‌رێوه‌بردنى كاروبارى عێراقدا ، زۆر به‌ توندى هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن پاڵێوراوه‌كانیان بخزێننه‌ كێبڕكێى وه‌رگرتنى پۆسته‌كانه‌وه‌ پێش ته‌واوبوونى واده‌ى پێكهێنانى كابینه‌ تازه‌كه‌.

له‌وساوه‌ى عێراق داگیركراوه‌ و ڕژێمى سه‌دام ڕوخاوه‌‌  ، ئه‌وه‌ پانزه‌ ساڵه‌ كیبڕكێى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق درێژه‌ى هه‌یه‌ ، ئه‌و كێبڕكێیه‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌ركارى ئیداره‌ى تره‌مپ توندتربوو به‌تایبه‌تیش كاتێك واشنتۆن كۆششه‌كانى خۆى چڕكردنه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چالاكییه‌كانى ئێران له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا. هێشتاش به‌غدا ناوچه‌یه‌كه‌ بۆ كاریگه‌رى ده‌وڵه‌تى ئێرانى و گۆڕه‌پانێكى سیاسیى و كه‌لتوریشه‌ بۆ دوو گروپه‌ هه‌واداره‌كه‌ى واشنتۆن و تاران.

چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ، به‌رهه‌م صاڵح-ی ته‌مه‌ن 56 ساڵ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى كورده‌ به‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق هه‌ڵبژێردرا ، عه‌بدول مه‌هدیش كه‌ پاڵێوراوێكى له‌سه‌رسازاوى نێوان لایه‌نه‌كان كێبڕكێكاره‌كانه‌ ، جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندى ئه‌مریكا و حه‌یده‌ر عه‌بادى حاكمى ئێستاى عێراقه‌ ، بژارده‌كانى ئێرانیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ نورى مالكى و هادى عامرى بوون.

پرسى سه‌رۆكایه‌تى له‌ عێراق تاڕاده‌یه‌كى زۆر مه‌رجداره‌ ، زۆرینه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكاریش به‌ده‌ست سه‌رۆك وه‌یزرانه‌وه‌یه‌‌ ، له‌ ساڵى 2005 وه‌ تاوه‌كو ئێستا ، عه‌بدول مه‌هدى یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى شیعه‌ی ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حزبى ده‌عوه‌یه‌ كه‌ ڕۆڵێكى میحوه‌رى هه‌بوو له‌ به‌رێوه‌بردنى كاروبارى عێراقدا له‌ دواى گلانى ڕژێمى سه‌دان حوسێنه‌وه‌. په‌یوه‌ندییه‌كى دۆستانه‌شى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ و ئێرانیش دژ به‌ دانانى نه‌بوو.

به‌ گوێره‌ى ده‌ستورى عێراقیش ده‌بێت سه‌رۆكى عێراق كورد و سه‌رۆكى وه‌زیران شێعه‌ و سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش سونه‌ بن. ئه‌م سێ پێكهاته‌یه‌ خاوه‌ن پشك و به‌شن له‌ ئیداره‌دانى كاروبارى ووڵاتدا. به‌زۆریش وایه‌ كه‌ ململانێیه‌كى تایه‌فه‌گه‌رى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ ئارادا‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كى ڕێكخراو ده‌بێته‌ هۆى داڕمانى سیسته‌مى فه‌رمانڕه‌وایى و گرفتگه‌ل و سته‌مكارییه‌كى زۆریشى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌ هۆى ته‌شه‌نه‌كردنى گه‌نده‌ڵى ، كه‌مى و خراپى خزمه‌تگوزارییه‌كان و هه‌ڵاوسانى كه‌رتى گشتى و نالێوه‌شاوه‌یى.

حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى پێشوو شكستیان هێنا له‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌ هه‌میشه‌ییه‌كاندا ، ئه‌و حكومه‌تانه‌ى تا ڕاده‌یه‌كى زۆر داعش ده‌وره‌ى دابوون به‌ تایبه‌تیش له‌م چوار ساڵه‌ى پێشوودا كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان له‌ جه‌نگدابوون دژ به‌ یاخیبوونى به‌رفراوانى داعش. 

ئه‌مساڵیش به‌ درێژایى وه‌رزى هاوین خۆپێشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ پارێزگاى به‌سڕه‌ گه‌رموگوڕ بوون ، ئه‌م ڕووداوانه‌ هۆكاربوون بۆ  توندبوونى هه‌ستى دوژمنكارى چین و توێژه‌كانى خه‌ڵك كه‌ پێیان وابوو چینێكى سیاسى نابه‌رپرس و گه‌نده‌ڵ خۆشگوزه‌رانن و ئاستى ژیانى ئه‌وانیش له‌كه‌مى داوه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانى حكومه‌تى مه‌ركه‌زیش  له‌گه‌ڵ كورده‌كان له‌ باكورى عێراق له‌ پشێوویدایه‌ ، سه‌ركرده‌ كورده‌كانیش مكوڕن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێت به‌غدا ڕێز له‌ رێككه‌وتننامه‌ى پێشووى تایبه‌ت به‌ دابه‌شكردنى داهاته‌كانى نه‌وت بگرێت، گه‌ره‌كیانه‌ ئه‌و حوكمه‌ نیمچه‌ ئۆتۆنۆمییه‌ش بگێرنه‌وه‌ كه‌ له‌ دواى شكستیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى نه‌وتى كه‌ركوك داى له‌ كه‌مى.

سه‌رچاوه‌ پێگه‌ى ئه‌له‌كترۆنى : The Guardian  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP