بوومەلەرزە چیە و چۆن ڕوودەدات؟
هۆکاری بومەلەرزەکانی هەرێمی کوردستان چین؟

- 10/15/2018 6:15:00 PM 42074 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - ئەرکان عوسمان 

گۆی زەوی لە چەند چینێک پێکهاتووە کە لەڕووی پێکهاتە، چڕی، پلەی گەرمی، پەستان...هتد لەیەکتر جیاوازن. هەتا بەرەو کرۆکی(Core) زەوی بچین پلەی گەرمی و پەستان زیاتر بەرز دەبێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە کرۆکی زەوی لە بەردی گڕگرتوو و ئاگرین پێکهاتووە، لەو چەند چینەی کە زەوی هەیەتی تەنها توێکڵی زەوی (Crust) بەکەڵکی ژیان دێت. بەهۆی بوونی ئەو گەرما زۆرە لە کرۆکی زەوی، تەووژمی زۆر بەهێز و زەبەلاح لەژێر زەوی دروست دەبێ کە ئێمە هەستی پێناکەین، کاتێک ئەو تەووژمە لەشێوەی سوڕانەوە دەخولێتەوە بەهۆی جیاوازی پلەی گەرمی، جۆڵەی پلێتەکانی توێکڵی زەوی دروست دەکات.

توێکڵی زەوی لەچەندین پلێت پێکهاتووە، کوردستان دەکەوێتە سەر پلێتی عەرەبی و نزیکە لە سنوری پلێتی ئێرانی. بەدرێژای مێژووی زەوی ئەم پلێتانە بەهۆی ئەو تەووژمەی ژێر زەوی لەجوڵەدا بوون. جوڵەکانیش سێ جۆرن؛ جوڵەی پێکداکێشان، جوڵەی لێکجودابوونەوە، جوڵەی بەتەنیشت یەکداچوون. نزیکەی ٦۰-٧۰ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پلێتی عەرەبی لەگەڵ پلێتی ئێرانی توشی پێکداکێشان بوون کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە بەڕێژەی ۱-۳سم لەساڵێکدا. لەم ڕووداوەدا پلێتی عەرەبی چووە ژێر پلێتی ئێرانەوەو زۆرترین شکان و لێکترازان و چەمانەوەی هەرێمی و گەورەی لەچینە بەردیەکان دروست کردووە کە ئەمڕۆ بوونیان سەلمێنراوە لەژێر زەوی بەهۆی ئامێرە جیۆفیزیکیەکانەوە.

ئەم شکانانە بۆشایی و درزی گەورەیان دروستکردووە کە لەئەنجامی جوڵەی بەردەوامی پلێتەکان لەهەر ساتێکدابێت یان جێگیر دەبنەوە یان شکان و لێکترازانی نوێ دروست دەکات، کە لەهەردوو حاڵەتەکەدا ووزەیەکی یەکجار زۆر و زەبەلاح دەردەپەڕێنێت. ئەم ووزەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی جوڵە و نائارامی لەژێر زەوی ئەو ناوچەیەی شکانەکەی تێدا ڕوویداوە، کاتێک ئەم شەپۆلانە دەگاتە سەر زەوی بەشێوەی شەپۆلی لەرینەوە و ڕاتەکاندن و بەرزو نزمی دەردەپەڕێت و بوومەلەرزە دروست دەکات کە ئاساییە دەنگ و ڕوناکیشی لەگەڵ بێ بەهۆی زۆری ووزەکەی.

ئەوەی باس دەکرێت لەمێژوو و لە باوپیرانەوە دەوترێت هیچ ساڵێک وا بوومەلەرزە زۆر نەبووە!!! بەڵێ دەکرێ وابێ بۆ تەمەنی ئەوان، بەڵام بەدرێژایی مێژووی زەوی بوومەلەرزەی زۆر لەوانە بەهێزتر ڕوویانداوە و کاولکاری و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەپێی تازەترین توێژینەوەی زانستیەکانی سەردەم دەکرێ ساڵێک یان دووان لە هەر ۳۰-٤۰ساڵ جارێک دابنرێت بە ساڵی بوومەلەرزەکان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خاوبوونەوەی سوڕانەوەی زەوی بەدەوی خۆیدا. ئەم حاڵەتەش زیاتر بەسەرئەو ووڵاتانەدا دەچەسپێت کە + یان - ۳۰پلە لە هێڵی یەکسانەوە دوورن دەکرێ کەمێک زیاتریش بێ بەو پێیەی کوردستان لەهێڵی ۳۳- ٣٦ ە.

لەوانەیە کەسێک بپرسێ خۆ کوەیت و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر نزیکترن لەهێڵی یەکسان بۆ ئەوان ناگرێتەوە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە شوێنی جوگرافی ئەوان نزیک نیە لەهێڵی بوومەلەرزە، ئەو حاڵەتە تەنها بۆ ئەوو شوێنانەیە کە لەو مەودادان و نزیکن لەهێڵی بوومەلەرزە. بەپێ تازەترین توێژینەوە ساڵی ۲۰۱۸ دانرابوو بە ساڵی بوومەلەرزە بەهۆی خاوبونەوە جوڵەی زەوی، بەڵام مەرج نیە ساڵەکە بۆ سیستەم و سروشتی زەوی ڕێک ۳٦٥ ڕۆژبێ، چونکە ئەوە تەنها ژمارەیەکی ڕێژەییە دەکرێ زیادبێت یان کەم.

لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دەکرێ ئەو بوومەلەرزانەی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی پارەوە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو و بەهێز ناوچەکەمانی گرتەوە دەرەنجامی خاو بوونەوەی سوڕانەوەی زەوی بێ و ئەمساڵ بەردەوامبێ و درێژبێتەوە بۆ ساڵی داهاتووش چونکە بوومەلەرزە پاشهەژێنەکان تا نزیکەی دوو ساڵ لە بوومەلەرزەی سەرەکی دەکرێ بەردەوامبن، ئەمەش تا ئەوکاتەی چینە بەردەکان بەتەواوی جێگیر دەبنەوە و دەگەڕێنەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی.

نوسینی: ئەرکان عوسمان
یاریدەدەی جیۆلۆجی لەزانکۆی سۆران


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP