حەسەن ڕوحانی: ئەمەریکا دەیەوێت ڕژێمی ئێران بگۆڕێت

- 10/14/2018 2:29:00 PM 10517 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایدەگەیەنێت ئەمەریکا دەیەوێت ڕژێمی ئێران بگۆڕێت و دەشڵێت ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمەریکا "نەیارترین ئیدارەیە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٤٠ ساڵی رابردوودا".

لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێک بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی خوێندن لە زانکۆی تاران، روحانی رایگەیاند، "لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، هیچ ئیدارەیەکی ئەمەریکا بە ئەندازەی ئەم ئیدارەیەی ئێستا نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، " ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە لەڕێی کەمکردنەوەی شەرعیەتی سیستەمی حکوم، ڕژێمی ئێران بگۆڕێت بەڵام سەرکەوتوو نابن".

هاوکات لەبارەی سەپاندنی سزا ئابوریەکانی ئەمەریکا بەسەر ئێران، ڕوحانی وتی، ئەمەریکا ناتوانێت هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ڕێژەی سفر کەمبکاتەوە.

ڕاشیگەیاند، "ئەمەریکا وا دەزانێت سعودیە جێگەی هەناردەی نەوتی ئێران پڕبکاتەوە. بەڵام نەوتی ئێران ئێستا بە ٨٠ دۆلار زیاتر دەفرۆشرێت و ئەگەر هەناردەش بۆ نیوە کەمبێتەوە، هەمان داهاتی پێشومان دەستدەکەوێت".

مانگی ئایاری ئەمساڵ بە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە و قۆناغی یەکەمی سزا ئابووریەکانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند. پێشبینیش دەکرێت مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەمەریکا قۆناغی دووەمی سزاکانی بەسەر ئێران بسەپێنێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP