كۆمسیۆنى هه‌رێم هه‌ژماركردن بۆ ئه‌و سندوقانه‌ ده‌كات كه‌ قردێله‌ى سوریان پێوه‌یه‌

- 10/14/2018 1:17:00 PM 9172 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان- سالار محه‌مه‌د

وته‌بێژى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌نجامى سكاڵا سوره‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك ته‌واوكراوه‌، ئه‌و سندوقانه‌شى كه‌ قردێله‌ى سوریان پێوه‌بوه‌ جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماره‌كردنه‌وه‌یان ده‌ستیپێكردوه‌. 

شیروان زرار، به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند، له‌سه‌ر بڕیارى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانى هه‌رێم بڕیاردرا به‌ جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنى سه‌ر له‌ نوێى ئه‌و سندوقانه‌ى كه‌ قردێله‌ى سوریان پێوه‌یه‌، كه‌بریتین له‌ 228 سندوق كه‌ 103 سندوقیان له‌ پارێزگاى سلێمانیه‌و 72یان له‌ پارێزگاى هه‌ولێره‌ و 53 شیان له‌ پارێزگاى دهۆكه‌.

ئاشكراشى كرد، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كارى جیاكردنه‌وه‌ى ئه‌و سندوقانه‌ ده‌ستى پێكردوه‌ پێشبینى ده‌كرێت له‌ ماوه‌ى سێ رۆژى داهاتوودا كارى ئه‌و سندوقانه‌ش ته‌واوبكرێت بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیابن له‌وه‌ى كه‌ ئه‌و سندوقانه‌ى قردێله‌ى سوریان پێوه‌بوه‌ هۆكاره‌كه‌یان چیه‌.

هه‌روه‌ها جه‌خى له‌وه‌شكرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌و سندوقانه‌ هه‌بێت پێویست به‌ بڕیارى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ش كارى له‌سه‌ربكرێت".

شیروان زرار وتیشى، "شه‌وى رابردوو ئه‌نجامى سكاڵا سوره‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك ته‌واوكراوه‌ و سكاڵاكانی سلێمانیش له‌مڕۆوه‌ كاركردن تیایاندا ده‌ستى پێكردوه‌و چه‌ند رۆژیكى پێویست ده‌بێت هه‌ركاتێك كاره‌كان ته‌واوبوو ئه‌نجامى ڕاپۆرتى كۆتایى ده‌ده‌ینه‌ ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران". 

نیشانەکردن :

#كۆمسیۆن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP