هەرئێستا

فه‌یسبووك؛ هاككه‌ره‌كان توانیویانه‌ بچنه‌ ناو ئه‌كاونته‌كانی نزیكه‌ی 30 هه‌زار به‌كارهێنه‌ر

- 10/12/2018 10:34:00 PM 14430 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

ئه‌مڕۆ كۆمپانیای فه‌یسبووك ڕایگه‌یاند هاككه‌ره‌كان توانیویانه‌ بچنه‌ ناو ئه‌كاونته‌كانی نزیكه‌ی 30 هه‌زار به‌كارهێنه‌ری تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك و توانیویانه‌ داتای ناو وورده‌كارییه‌كانی په‌یوه‌ندیه‌كانی نزیكه‌ی 30 ملیۆن كه‌س هاكك بكه‌ن.

كۆتایی مانگی ڕابردوو فه‌یسبووك ڕایگه‌یاند له‌خراپترین شكاندنی ئاسایشی ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌مێژووی خۆیدا، و به‌هۆی كه‌لێنێكی ئه‌منییه‌وه‌، هاككه‌ره‌كان توانیویانه‌  دزه‌ بكه‌نه‌ ناو ئه‌كاونتی نزیكه‌ی 50 ملیۆن له‌ به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك.

 فه‌یسبووك ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاند به‌ڵام هاككه‌ره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ نامه‌ زۆر تایبه‌ته‌كانی به‌كارهێنه‌ران، یان زانیارییه‌ داراییه‌كانی به‌كارهێنه‌ران بدزن، و هاككه‌ره‌كان له‌ڕێگای چوونه‌ ناو ئه‌كاونته‌كانی فه‌یسبووكه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بچنه‌ ناو وێبسایته‌كانی دیكه‌وه‌. 

ڕونیشیكردووه‌ته‌وه‌ هاكه‌ره‌كان داتای 14 ملیۆن كه‌سیان دزیوه‌و داتاكانیش بریتین له‌ رۆژی له‌دایكبوون و شوێنی كاركردن و ئاستی خوێندن و لیستی هاوڕێكانیان. 

فه‌یسبووك هۆشداری داوه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ هاككه‌ره‌كان ئه‌و زانیارییانه‌ به‌كاربهێنن بۆ فێلكردن له‌ به‌كارهێنه‌ران و دزینی وشه‌ی تێپه‌ڕ و ناوی به‌كارهێنه‌ر ئه‌ویش له‌ڕێگای ناردنی لینكی په‌یجی ساخته‌ یان هاوپێچه‌وه‌ كه‌ دواتر كۆمپیوته‌ره‌كانیشیان هاكده‌كرێن. 

" ئێمه‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا ( ئێف بی ئای) ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌كی چالاكانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ده‌كات و داوای لێكردووین ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ كێ له‌پشت ئه‌و هاككردنه‌وه‌وه‌ بێت باس نه‌كه‌ین." فه‌یسبووك له‌ بلۆگ پۆستێكدا وای نووسیوه‌. 
 


نیشانەکردن :

#فەیسبوک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP