سەرۆک کۆمار پێشوازیی كرد لە فەرماندە ئەمنیی و سەربازییەکانی پێشمەرگە

- 10/12/2018 11:51:00 AM 116995 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

‏‎رۆژی پێنج شەممە سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازییکرد لە شاندێکی فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە کە بۆ پیرۆزباییکردن بە بۆنەی وەرگرتنی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی کۆمار سەردانیان کردبوو.

‏‎سەرۆک بەرهەم ساڵح، رۆڵی قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی بە هەموو بەشەکانیانەوە بەرز نرخاند لە جەنگی دژ بە گروپی داعشی تێرۆریست، گرنگیی گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاست و توانای جەنگیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیشی دوپات کردەوە لە بەدیهێنان و سەقامگیریی ئارامیی ئۆقرەییدا لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا.
 
سه‌رۆك كۆمار، ئەو قوربانیدانە گەورانەی بەرێز و پێزانینەوە بەبیر هێنایەوە کە هێزە ئەمنییەکان پێشکەشیان کردوە لە رێی رزگاریی پارێزگاکانی ژێر چنگی تاقمی تێرۆریستی داعش، بە نەوازشەوە گوزارشتی لەشەهیدە نەمرەکانیان کرد، هاوکات پشتیوانیی تەواوی دوپاتکردەوە بۆ گرنگیدان بە یەکخستنی هەمو هەوڵێکی نیشتمانیی بە ئامانجی هەنگاونان بۆ پێشەوە بەرەو بنیاتنانی سوپایەکی بەهێزی عێراقیی کە یەکێتیی خاک و ئاسایش و سەروەریی عێراق بپارێزێت. 

سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بۆ ئەو راستییەی کە قارەمانێتیی سوپا و حەشدی شەعبیی و هێزەکانی پێشمەرگە و هەموو دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکانی تر بووه‌تە سەرچاوەی شانازیی گەورە بۆ تەواوی عێراقییەکان. 

ئەندامانی وەفدی هێزەکانی پێشمەرگەش پیرۆزباییان نوێکردەوە بۆ سەرۆک بەرهەم ساڵح و ئامادەیی تەواویان نیشاندا بۆ بەرگریی کردن لە ئارامیی سەروەریی عێراق.


نیشانەکردن :

#د.به‌رهه‌م ساڵح

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP