مایك پۆمپـیۆ: دەبێت كوردەكانی سوریا بەشداربن لە دەستنیشانكردنی ئایندەی وڵاتەكەیان

- 10/11/2018 9:05:00 PM 9783 جار خوێندراوەتەوە
مایك پۆمپـیۆ

خەندان-

مایك پۆمپـیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، كوردانی سوریا هاوبەشێكی مەزنن و دەبێت قسەیان لە ئایندەی وڵاتەكەیان هەبێت و بەشداربن لە دانانی چاكسازیـیەكان بۆ سیستەمی حوكمڕانی داهاتوو.

مایك پۆمپـیۆ لە ئینستتیوتی جووەكان بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا JINSA لە لایەن دكتۆر مایكڵ ماكۆڤسكی سەرۆكی ئنستتیوتەكەوە پـرسیاری لێكرا لە بارەی سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر كوردەكانی سوریا چۆن دەبێت كە هاوپەیمان بوون لە شەڕی دژی داعشدا.

مایك پۆمپـیۆ رایگەیاند، "بڕوانە، بە درێژایی ئەم ماوەیەی لەم بەڕێوەبەرایەتیـیە خزمەتم كردووە لە نزیكەوە كارمان لەگەڵ كوردەكانی سوریا كردووە، هاوبەشێكی مەزنن، ئێمە ئێستا كاردەكەین بۆ ئەوەی مسۆگەری بكەین كورسیـیەكیان لەسەر مێزكە هەبێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "پـرۆسە سیاسیـیەكەی ئاماژەم پـێكرد، قورسترین بەشە، هۆكاری ئەوەی بەرەوپـێشچوونی تیادا نەكراوە، ئەوەیە ئێمە داوامانكردووە هەموو پـێكهاتەیەك لە سوریا بواری هەبێت ببێتە بەشێك لە حكومەتی ئایندە، ئەگەر ئەوە نەكرێت و نوێنەرایەتیـیان نەبێت، ئەوا نامانەوێت بەشداربین لەوەی كەسێك بێت چاكسازیـیەكان بۆ ڕەوشی سوریا بنووسێتەوە، بۆیە كوردی سوریا بە دڵنیایـیەوە بەشێك لەوە دەبن."

پەمپـیۆ راشیگەیاند، لە ئێستادا شەڕی ناو سوریا لە بەردەم وەرچەرخانێكدایە، ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا بە یارمەتی ڕووسیا و ئێران ناوچەی زیاتری خستووەتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، هاوكات داعش هەرچەندە بە تەواوی لەناو نەبراوە، بەڵام لاوازبووە، بۆیە پـێویستە ئەمەریكا هەڵسەنگاندنێكی ورد بۆ ئەو پـێشهاتانەی ناو سوریا بكات.

ئەوەشی خستەڕوو، "هەرچەندە شكستهێنان بە داعش ئامانجی یەكەمی واشنتۆن بووە، بەڵام ئێستا دوو ئامانجی دیكەی هەیە ئەویش چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە بۆ ئەو وڵاتە بێتە دی و هەموو هێزەكانی ئێران و وەكیلەكانی ئێران سوریا جێبهێڵن".


نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP