‎ سەرۆك كۆمار بۆ چاوشئۆغلۆ: ئاو بەلای خەڵكی عێراقەوە مەسەلەیەكی زیندوو و چارەنووسسازە

- 10/11/2018 6:37:00 PM 17533 جار خوێندراوەتەوە
د. بەرهەم و مەولود چاوشئۆغلۆ

خەندان-

دكتۆر بەرهەم ساڵح، ‎سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی پێشوازیكردنی لە مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا دوپاتیكردەوە، ئاو بەلای ژمارەیەكی زۆری خەڵكی عێراقەوە مەسەلەیەكی زیندو و چارەنووسسازە، داوایشیكرد رێككەوتنی ستراتیژیی لەو بارەیەوە بكرێت.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، ‎ ئەمڕ‌ۆ پێنج لە میانەی پێشوازیكردنی لە مەولود چاویش ئۆغڵۆ د. بەرهەم ساڵح پەرۆشیی عێراقی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی هاوسێیەتی و مێژویی زیندوی نێوان هەردولای لە هەموو بوارەكاندا دوپاتكردووەتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بەڕ‌ێوەچووە، سەرۆك بەرهەم ساڵح هەوڵەكانی عێراقی خستەڕوو بۆ بنیادنانی پەیوە‌ندییەكی هاوسەنگ و پڕ‌ دەستكەوت لەگەڵ توركیا و هەموو دەوڵەتانی دراوسێدا لەسەر بناغەی رەچاوكردنی بەرژەوەندیی یەكتر و رێزگرتنی سەروەریی نیشتمانیی.

سەرۆك بەرهەم ساڵح هەروەها ئاماژەی بە هاریكاریی ناوچەیی لە بەگژاچوونەوەی تیرۆردا و رایگەیاند، زامنێكی پۆڵایینە بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتیی.

هاوكات مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیاش سڵاو و پیرۆزبایی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای بە سەرۆك بەرهەم ساڵح گەیاند.

‎سەرۆك كۆمار لەگەڵ خستنەڕووی پەرۆشیی عێراق بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە مێژوییەكانی لەگەڵ توركیا و گەلی توركیای دۆستدا، پێویستیی رێككەوتنی ستراتیژیی هەمیشەیی لە بارەی سەرچاوەكانی ئاوەوە دوپاتكردەوە، بەو پێیەی ئاو مەسەلەیەكی زیندو و چارەنووسسازە بەلای ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی عێراقەوە لە نێوان ئەنبار و بەسرەدا.

‎سەرۆك بەرهەم ساڵح راشیگەیاند، عێراق پتەوكردنی هاریكاریی دوقۆڵیی و بەرژەوەندییە ئەمنیی و ئابورییە هاوبەشەكان لەگەڵ توركیا لە رێی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ و راوێژی بەردەوام سەبارەت بە مەسەلە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی خستووەتە ریزی پێشەوە.

د. بەرهم ساڵح متمانەی خۆیشی دەربڕ‌ی بەوەی كە لە توانادایە پەیوەندییەكانی عێراق – توركیا بكرێتە مایەی خۆشیی و ئۆقرەیی بۆ تەواوی ناوچەكە بە حوكمی پێگەی ستراتیژیی هەردو وڵات كە لە سەنتەری ناوچەكەدان و تەواو كەری یەكترن.

‎وەزیری دەرەەی توركیاش جەختی كردەوە لەسەر ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییە بنیاتنەرەكانی لەگەڵ عێراقدا لە بواری ئاو و هەمو بوارەكانی تریشدا، هاوكات بەبایەخیشەوە پشتیوانیی یەكێتیی و سەروەریی عێراق دەكات و هاوكاریی گەلی عێراق دەكات بە هەمو پێكهاتەكانییەوە، لەو بارەیەشەوە ئاماژەیكرد كە هاریكاریی بنیادنەر لە نێوان هەردو وڵاتدا رەنگدانەوەی پۆزەتیڤی دەبێت بۆ دەستەبەركردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، بەشدارییش دەكات لە چەسپاندنی ئارامیی و ئۆقرەیی لە ناوچەكەدا.


نیشانەکردن :

#د.به‌رهه‌م ساڵح

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP