سه‌رۆك كۆمار نامه‌یه‌كی پیرۆزبایی له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی عێراقه‌وه‌ پێگه‌یشت

- 10/11/2018 12:27:00 PM 6877 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆك كۆمار، نامه‌یه‌كی پیرۆزبایی له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی عێراقه‌وه‌ پێگه‌یشت، و ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت هیواى گه‌وه‌ریان به‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار هه‌یه‌.

حزبى شیوعى له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ د. به‌رهه‌م ده‌ڵێت،"ئاواتەخوازین بە په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌كانت له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییدا خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ ئاسایش و ئۆقره‌یی، قه‌ڵاچۆكردنی گه‌نده‌ڵیی، دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، چه‌سپاندنی بناغه‌كانی قانون، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی و بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراسیی فیدراڵیی یه‌كگرتودا به‌دی بهێنيت".

دەقی پەیامەکە
به‌ڕ‌ێز دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح
سه‌رۆك كۆماری عێراق
به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتان به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌ كانگەی دڵه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین و به‌ هیوای سه‌ركه‌وتنتانین له‌ راپه‌ڕ‌اندنی ئه‌ركه‌ نوێیه‌ مه‌زنه‌كانتاندا.

هاوكات هیوای به‌هێزمان لە هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانتان له‌گه‌ڵ هێز و پارت و كوتله‌ سیاسییه‌ نیشتمانییه‌ عێراقییه‌كانی تردا دەردەبڕین و ئاواتەخوازین به‌ جیاوازی بیروبۆچونه‌كانیان و بەپه‌یوه‌ندییه‌ باشه‌كانت له‌سه‌ر هه‌ردو ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییدا خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ ئاسایش و ئۆقره‌یی، قه‌ڵاچۆكردنی گه‌نده‌ڵیی، دابین كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، چه‌سپاندنی بناغه‌كانی قانون، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی و بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراسیی فیدراڵیی یه‌كگرتودا به‌دی بهێنێت.

له‌گه‌ڵ ئومێدی هاریكاریی زیاترمان له‌ پێناوی مه‌سه‌له‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌ماندا به‌ هه‌مو پێكهاته‌کانەوە. سه‌رله‌نوێ پیرۆزبایی و هیوامان ده‌رده‌بڕ‌ین بۆ به‌ئاكام گه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانتان.

شانازیی و رێزی زۆرمام په‌سه‌ند بفه‌رمون.
مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی عێراق
١٠ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٨


نیشانەکردن :

#د.به‌رهه‌م ساڵح

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP