په‌رله‌مانتارێك: بڕیاره‌كه‌ى دادگا سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن نایاساییه‌

- 10/11/2018 11:11:00 AM 7963 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-سالار محه‌مه‌د

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌ڕله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره‌كه‌ى دادگاى ته‌میز سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى كۆمسیۆن نایاساییه‌ و ده‌ڵێت، كۆمسیۆن ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى هه‌یه‌ له‌ بڕیاردان.

گه‌شه‌ دارا حه‌فید، به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند، به‌پێى یاساى په‌ڕله‌مانى كوردستان ده‌سه‌ڵات دراوه‌ به‌ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم كه‌ رێنمایى و رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌ربكات بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن.

روونیكرده‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ى دادگاى ته‌میزى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بڕگه‌یه‌كى كۆمسیۆنى هه‌رێم ده‌ریكردووه‌ كه‌ نابێت ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى كوردستان به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێ بلاوبكرێته‌وه‌"دروست نیه‌ چونكه‌ كۆمسیۆن ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى هه‌یه‌ له‌ بڕیاردان-دا كه‌ ئایا ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن چۆن راده‌گه‌یه‌نێت."

جه‌ختیكرده‌وه‌"دادگاى ته‌میز كاتێك ده‌توانێت ته‌داخولى كاره‌كانى كۆمسیۆن بكات كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كى یاسایى هه‌بێت له‌ كاره‌كان ئه‌وكات دادگاى ته‌میز ته‌داخولى كاره‌كانى كۆمسیۆن بكات."

له‌كۆتا شه‌وى پێش هه‌ڵبژاردن ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران بڕیارێكى شه‌ش خاڵی ده‌ركرد  یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ ئه‌وه‌بوو ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ند ده‌كات.

شێروان زرار وته‌بێژى كۆمسیۆن دوێنێ، به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند، دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و بڕگه‌یه‌ى له‌و شه‌ش خاڵه‌دا هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن"بڕیاره‌كانى كۆمسیۆن به‌ پێنج ده‌نگ ده‌ڕوات له‌ یاساى كۆمسیۆن باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كان به‌چه‌ند ده‌نگ په‌سه‌ند ده‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ى كۆمسیۆنیان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌."


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP