نرخى ته‌ماته‌ و مریشك داده‌به‌زن و به‌نزین به‌ به‌رزى ده‌مێنێته‌وه‌

- 10/11/2018 10:32:00 AM 46219 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان- سالار محه‌مه‌د

به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگانى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشبینى ناكرێت نرخى به‌نزین دابه‌زێت، چونكه‌ ئه‌و به‌نزینه‌ى دێته‌ هه‌رێمى كوردستان به‌نزینى بارزگانیه‌، به‌ڵام نرخى مریشك و ته‌ماته‌ هه‌رزان ده‌بێت.

سۆران عه‌بدولغه‌فور، به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند، سه‌رجه‌م بازگه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك رێگه‌نه‌درێت مریشكى هه‌رێم بۆ ناوچه‌كانى باشوورو ناوه‌راستى عێراق بڕوات.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد،"ماوه‌ى چوار رۆژ ئه‌و بڕیاره‌ دراوه‌و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ دابه‌زینى نرخى مریشك له‌بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان".

سه‌باره‌ت به‌نرخى ته‌ماته‌ش سۆران عه‌بدولغه‌فور ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، نرخى ته‌ماته‌ دابه‌زینى به‌خۆوه‌ بینوه‌، ئه‌مڕۆ نرخى یه‌ك كیلۆ ته‌ماته‌ له‌عه‌لوه‌ى سلێمانى ٦٠٠بۆ ٧٠٠دیناربووه‌ "به‌ڵام ته‌ماته‌ى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر نرخه‌كه‌ى گرانبووه‌ ته‌ماته‌ى پێنجوێن ئه‌مساڵ نرخى له‌ یه‌ك هه‌زار دینار دانه‌به‌زیوه‌."

به‌وته‌ى ئه‌و، ئێران مه‌وادى خامى نه‌ماوه‌ بۆ دروستكردنى دۆشاوى ته‌ماته‌ هه‌ستاوە به‌رێگریكردن له‌ هه‌نارده‌كردنى ته‌ماته‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان، بازرگانانى هه‌رێم ئێستا له‌ وڵاتى توركیاوه‌ ته‌ماته‌ هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن بۆ ناوخۆى هه‌رێم.

سه‌باره‌ت به‌گرانبوونى نرخى به‌نزین باسیلەوەکرد، گرانبوونى به‌نزین په‌یوه‌ندى به‌ بۆرسه‌ى جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌،  نرخى یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى خاو به‌ ٨٥ دۆلاره‌ ئه‌و به‌نزینه‌شى كه‌ دێته‌ هه‌رێمى كوردستان به‌نزینى بازرگانییه‌و بازگاكان له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ ده‌یهێنن بۆیه‌ پیشبینى دابه‌زینى نرخه‌كه‌ى ناكرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP